لە تۆڵەی هێرشەکەی سەر کەشتیی DENA

قالیباف: لە کات و شوێنی خۆیدا وەڵامی توندی ئەمریکا دەدەینەوە

964+

فەرهاد حەسەن

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی توند دەکات لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەمریکا کردییە سەر کەشتییەکی جەنگیی وڵاتەکەی، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دەریاوان کوژراون و بێسەروشوێن بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتیی جەنگیی DENA، کە بووە هۆی کوژرانی 84 دەریاوان و بێسەروشوێنبوونی 20ـی دیکە، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامێکی توندی دەبێت.

لێدوانەکەی قالیباف، کە ئاژانسی ئیرنای فەرمی بڵاویکردووەتەوە، هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەو دەریاوانانە کە ئەمڕۆ لە تاران بەڕێوەدەچێت، بڕیارە سبەینێ چوارشەممەش مەراسیمی بەخاکسپاردنیان بۆ ڕێکبخرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بەشدارییەکی بەرفراوان لە مەراسیمەکەدا بکەن و دەشڵێت، “ئەو بەشدارییە فراوانە جارێکی دیکە یەکڕیزیی نیشتمانیی گەلی ئێران و دڵسۆزییان بۆ بەها نیشتمانییەکان دەسەلمێنێت”.