مورید
وێنەکەى نەخشێندرا؛ ئەو منداڵەى بە مەمکەمژەیەکەوە بووە سیمبوولى خۆپیشاندانەکان
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
هەندێک جار گەورەترین پەیامەکان لە هەنگاوی منداڵێکەوە دەست پێدەکەن. بیرتانە لە رۆژانی پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان، منداڵێکی بچکۆلە بە جلێکی کوردی و مەمکەمژەیەکەوە، بە شەقامی سالمدا تێپەڕی و ئاڵایەکی کوردستان لەسەر شانى دەشەکایەوە؛ دیمەنێک کە راستەوخۆ بووە سیمبولی خۆپیشاندانەکان و سۆشیال میدیاى داگیرکرد.
ئەو منداڵە ناوی “مورید”ـە. ئێستا، دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە لە هەنگاوێکی ناوازەدا و وەک وەفایەک بۆ ئەو دیمەنە، راستەوخۆ لەسەر هەمان شەقام و لەو خاڵەی بووە سیمبول، وێنەیەکی گەورەی موریدیان نەخشاندووە.
هەر لەژێر سێبەری ئەو تابلۆیەدا و لە مەراسیمێکی تایبەتدا، دامەزراوەکە خەڵاتی رێزلێنانی گەیاندە دەست دایک و باوکی مورید. وەک ئەوەى دکتۆر تەها رەسووڵ خاوەنى دامەزراوەى کەریمى ئەلەکە بۆ 964 وتى،” ئەم تابلۆیە پێمان دەڵێت، رۆحی کوردبوون تەنانەت لە هەنگاوە بچووکەکانی منداڵێکیشدا کە مەمکەمژەی بەدەمەوەیە، رەنگ دەداتەوە و بۆ هەمیشە دەبێتە مێژوو”.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح