لۆگۆی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
"پیشمەرگە بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی ناوچەکە"
وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر بارەگای حەشدی شەعبی
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە هێزەکانیان هێرشیان کردبێتە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی و دەڵێت، “پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە”.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چەند کەناڵ و پەیجێکدا، هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانە رەتدەکەنەوە و هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن، پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە.
دەقی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە خوارەوە؛
ئەمڕۆ لە چەند کەناڵ و پەیجێکی ڕاگەیاندندا، هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین.
تەواوی ئەم دەنگۆ و هەواڵانە بە توندی ڕەت دەکەینەوە. ڕایدەگەیەنین کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن، پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە.
ئەرکی سەرەکی هێزەکانمان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و پابەندین بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە گەڵ هێزە ئەمنیە عێراقیەکاندا.
وەزارەتی پێشمەرگە
14ـی ئاداری 2026