شەوی رابردوو چی روویدا؟
ترەمپ نەخشەی دوای ئێران دەکێشێت و ئاسمانی کوردستانیش پڕ بووە لە درۆن
964+
عەبدولباری ساڵح
بۆ ئەوەی لە هەواڵەکان دانەبڕێن کورت و پوخت هەموو ئەو رووداوانەی لە چەند کاتژمێری رابردوو روویانداوە، لێرەدا بیزانن؛
📌 نزیک کاتژمێر 9:00ـی شەوی رابردوو دوو دەنگی گەورە بیستران؛ دەنگى یەکەم لە گوندى کەورەبەن بووە، کە دەکەوێتە سەر رێگاى خەبات، بەوتەى شایەدحاڵیک کە بۆ 964 قسەى کرد، درۆن بووە و بە تێکشکاوى کەوتووەتە سەر زەوى، دەنگى دووەمیش لە نزیک بەستۆرە بووە و تەنێک لە ئاسمان بیندراوە و لەگەڵیدا دەنگى تەقینەوەیەکى گەورە بیستراوە.
📌 درەنگانێکی شەو ساڵح موسلیم سیاسەتمەداری دیاری رۆژئاوای کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆش تەرمەکەی بەڕێکرا بۆ رۆژئاوا و لە تەنیشت گۆڕی (شەرڤان)ی کوڕی دەنێژرێت.
📌 ترەمپ: “دوای ئێران لە شەڕەکان دوور دەکەوینەوە”؛ ئەمە گرنگترین قسەکانی ترەمپە کە لە نوێترین لێدوانیدا نەخشەڕێگای خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم قۆناغەی شەڕ راگەیاند و جەختی کردەوە:
⭕️ سەرکردایەتیی ئێرانمان دوو جار کردە ئامانج، شەڕەکە لەوەی پێشبینیمان دەکرد ئاسانتر بوو.
⭕️ بازاڕەکانی وزە سەقامگیرن و بەمزوانە نرخی نەوت دادەبەزێنین.
⭕️ ئەم ئۆپەراسیۆنە کورتە، ئەمریکا لە جەنگێکی بەرفراوان دوور دەخاتەوە، دوای ئێرانیش، لە شەڕەکان دوور دەکەوینەوە.
📌 میدیای کۆریای باکور رایگەیاند، کیم جۆنگ ئون رێبەری وڵاتەکە سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی مووشەکی کروزی ستراتیژیی کردووە، کە لە کەشتییەکی جەنگیی نوێی 5000 تۆنییەوە هەڵدراون.
📌نزیک کاتژمێر 11:00ـی شەو، دوای بیستنی دەنگێکی بەرز و بەهێز لە هەولێر، بەهۆی کەوتنەخوارەی درۆنێک ئاگر لە نزیک هۆتێل دیڤان کەوتەوە و دواتر هێزە ئەمنییەکان پارچەکانیان هەڵگرتەوە.
📌مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ کۆچی دوایی ساڵح موسلیم پەیامێکی بلاوکردەوە و دووپاتی کردەوە کە لەسەر رێبازەکەی بەردەوام دەبن.
📌پەیامنێری 964 لە سلێمانی: هێرشکرایە سەر فەرماندەیی هێزەکانی 70 لە سلێمانی.
📌درەنگانێکی شەو، ترەمپ جارێکی دیکە قسەی هەبوو، ئەمە پوختەکەیەتی:
⭕️ ناوەستین هەتا ئەرکەکەمان لە ئێران تەواو نەکەین
⭕️ رێکەوتنەکەی پێشوومان لەگەڵ ئێران دەرفەتی دابوونێ چەکی ئەتۆم دروست بکەن، ئەگەر من ئەو رێکەوتنەم هەڵنەوەشاندایەوە ئەوا پێی دەگەیشتن.
⭕️ 54 کەشتی ئێرانی و 31 دانەی تر کە مینیان دەچاند هەموویمان لەناوبرد
⭕️ کاری یەکلاکەرەوە دەکەین بۆ ئەوەی مەترسی رژێمی ئێران نەهێڵین.
⭕️ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رازی بووە 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی جیهانی بخرێتە بەردەست، نرخی نەوتیش دەستی کردووە بەدابەزین و بەردەوامیش دەبێت.
📌 بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و دوای هێرشەکەش ئاگر و دوکەڵ لە ناو فڕۆکەخانە بەرزدەبووەوە.
📌 درۆنێک لە گوندی کۆری لە هەولێر کەوتە خوارەوە و ماڵێکی وێران کرد.
📌دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە بەندەری فاو کرانە ئامانج و سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ 964 وتی، 25 ئەندامی سەر هەردوو کەشتییەکە رزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو، هێرشەکە بە بەلەمی دەریایی ئەنجامدراوە.
📌ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ 964 رایگەیاند: ئەمشەو 17 هێرشی درۆنی بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دراون، سەرجەمیان تێکشکێندران.
📌هێرش کرایەسەر فڕۆکەخانەی هەریر و شایەدحاڵێک بۆ 964 وتی، دەنگەکەی بە جۆرێک بەرزبوو لە هەریر دەرگا و پەنجەرەی هەموو ماڵەکان لەگەڵی لەریوەتەوە.
📌ئەم بەیانییە درۆنێکی خۆکوژی لەسەر بانی ماڵیک لەگەڕەکی قالاوەی شاری سلێمانی کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە منداڵێک بریندار بووە و زیان بە ماڵەکە و بە ئۆتۆمبێلی خاوەن ماڵەکەش کەوتووە.
⭕️ هاوکات، میدیای فەرمی ئێرانیش ڤیدیۆی درۆنەکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، هێرشەکە بۆ سەر کۆگایەکی چەکی گڕوپە تیرۆریستیەکان بووە لە سلێمانی.
📌 بەهۆی بۆردومانەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ سەر بارەگایەکی حە*.شدی شە*.عبی لە گەڕەکی بەدر لە کەرکوک، کە بارەگای حە.*شدی تورکمانی بوو، بەپێی دوایین ئامار، کوژراوێک و حەوت بریندار هەیە، لە ناوچەی عوکاشاتیش لە سنووری رومادی 29 کوژراو و 15 بریندار هەن.
📌 سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، چوار درۆن لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا خراونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێبکەوێتەوە.
📌 سەرچاوەیەکی ئەمنى بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ بەربانگ، بارەگای فەوجی 24ـی لیوای 59ـی هێزەکانی حـ.*ـەشدى شـ*ـەعبـ*ـى لە گەڕەکی “ئەلعەرەبی” لە باکووری موسڵ، دووجار بۆردومان کرا.
⭕️ بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، بۆردومانی یەکەم بەر کابینەیەک و تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی کەوتووە، کە بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و تانکەرەکە سووتاوە، بۆردوومانی دووەمیش بەر کارگەیەکی کۆنکرێتی ئامادەکراو کەوتووە کە دەکەوێتە تەنیشت بارەگاکەوە.
📌 کارگەیەکی دروستکردنی بەرماڵ لەسەر رێگەی هەولێر – کەسنەزان ئاگری گرت و وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێریش بە 964ـی وت، ئەگەر کۆنتڕۆڵمان نەکردایە کارەسات دەقەوما؛ زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
📌هێرشکرایە سەر بارەگایەکی حـ.ــەشد*ی شە*عـ*بی و “سێ کوژراو و چوار بریندار هەیە”؛ سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، هێرشەکە بە موشەک کراوە.
📌 فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڤیدیۆی ساتی تێکشکاندنی چەند فڕۆکەیەکی سەربازیی ئێرانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، توانای ئاسمانیی ئێران رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازی دەچێت.
📌ئاگرێکی گەورە لە بارەگای کەناڵی رووناهی تیڤی کەوتووەتەوە لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان