فەرماندە و وەزارەتە ئەمنییەکان بەشداربوون
نێچیرڤان بارزانی کۆیکردنەوە و وتی؛ نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازیی و وەزارەتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە نێچیرڤان بارزانی، له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان، بە ئامادەیی یەکێک لە جێگرانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد، لە وەزیرانی پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ههروهها چهندين بڕيار و ڕێنمايى بۆ پتهوكردنى پاراستنى ئاسايش و ئاراميى ههرێمى كوردستان و چۆنيهتيى مامهڵهكردنى دهزگاكانى ڕاگهياندن لهگهڵ ڕووداو و پێشهاتهكاندا دهرچوون.
بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 10.3.2026 کۆبونەوەکە ئەنجامدراوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختى کردهوه کە به هيچ شێوهيهك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكهی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زيانى گيانى و ماڵييان لێ كهوتووهتهوه. لهمبارهیەوه جهخت كرايهوه كه حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره لهوهى ئهركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزى و هاوخهمى لەگەڵ خێزان و بنهماڵهى شەهید و بريندارانى هێرشهكانى سهر ههرێمى كوردستان دووپات كرايهوه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.