لە سلێمانی رێگری لە خواردنی ناتەندروستی فرۆشگەی قوتابخانەکان دەکرێت

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

پەروەردەی سلێمانی و قایمقامیەت و منداڵپارێزی کوردستان دەیانەوێت لیستێک دروست بکەن بۆ خواردنە ناتەندروستەکان و لە فرۆشگەی خوێندنگەکاندا قەدەغەیان بکەن.

هەرسێ لایەن ئەمڕۆ یەکشەممە  کۆبوونەوەیان کردووە و لیژنەیەک ئەو خواردنانە دیاری دەکەن و دەیاننێرن بۆ وەزارەتی پەروەردە، تا فەرمانی وەزارەی بۆ قەدەغەکردنیان لە قوتابخانەکان بدرێت.

لە سەرەتای دەوامی خوێندنی 2022-2023 نزیکەی 100 خوێندکاری قوتابخانەیەک تووشی سکچوون و رشانەوە بوون، بەڵام پەروەردەی سلێمانی دڵنیا نەبوو بەهۆی خواردنی ناتەندروستی فرۆشگەکەوە بووە، یان نا، ئەمساڵیش تا ئێستا هیچ حاڵەتێک نەبووە.

عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، جگە لە دیاریکردنی ئەو لیستە، پەیجێک دروست دەکەین و هۆشیاری لەسەر خواردنی ناتەندروست بڵاودەکەینەوە، چونکە هۆشیاری لە قوتابخانەش نەبێت، خوێندکار لە دەرەوە ئەو خواردنانە دەکڕن و دەیخۆن.

عومەر محەمەد باس لەوەش دەکات، هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەیان بووە، دایکان و باوکان لە رێگەی کۆبوونەوەی قوتابخانەکان بە بەشداریی لیژنەکانی تەندروستی و لیژنەی سەرپەرشتی فرۆشگەکان هۆشیار دەکرێنەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر