نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا - وێنە: ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم
بە تەلەفۆن قسەیان کرد
نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن: نابێ شەڕەکە فراوان ببێت
964+
ژووری هەواڵ
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا داوای چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگری لە فراوانبوونی شەڕ دەکەن.
ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا تەلەفۆنی بۆ سەرۆکی هەرێم کردووە، سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەبارەی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ بیروڕایان گۆڕیەوەتەوە و هەردوولا نیگەران بوون لە مەترسییەکان و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بازنەی ململانێکان گەورە نەبێت.
دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم لە خوارەوە؛
ئەمڕۆ شەممە 2026/3/7 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی کۆماری فەرەنساوە پێگەیشت.
تیایدا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ بیروڕایان گۆڕییهوه. هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێکان، بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، پهیوهندییهكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هاوکارییەکان تاوتوێ کران. هەردوولا داکۆکییان لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی نێوانیان کردەوە کە مێژوویەکی درێژی لە هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی پێشەنگانەی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسای کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ و ئاڵۆزی.