فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی _ وێنە: Iraqi Airways
بەڵام بۆ موشەک و درۆن نا
سێ رۆژی دیکەى بێ فڕۆکە؛ عێراق بۆ جاری سێیەم قوفڵى لە ئاسمانەکەیدا
964+
وریا فەتاح
بۆ جاری سێیەم و لەسەریەک، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بڕیاری دا داخستنی ئاسمانی وڵات درێژ بکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ماوەکەی زیاترە و تاوەکو نیوەڕۆی سێشەممە هیچ فڕۆکەیەک لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە تێپەڕ نابێت.
بەپێی بڕیارەکە، کە کەمێک لەمەوبەر دەرچووە، لە کاتژمێر 12:00ـى نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئازاری 2026ـەوە قەدەغەکە نوێ کراوەتەوە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
چیرۆکی داخستنی ئاسمان بەم شێوەیە بووە:
جاری یەکەم: بۆ ماوەی 24 کاتژمێر داخرا.
جاری دووەم: بۆ ماوەی 48 کاتژمێر درێژکرایەوە.
جاری سێیەم (ئێستا): بۆ ماوەی 72 کاتژمێر (سێ رۆژ) درێژکرایەوە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی دەڵێت، هۆکارەکە “دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیە” و وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی ئەم بڕیارەیان داوە، ئەگەر دۆخەکەش بگۆڕێت، ئەوا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەن.
داخستنى ئاسمانى عێراق بەڕووى فڕۆکەى مەدەنیدا لە کاتێکدایە کە ئاسمانەکەى پڕبووە لە درۆن و مووشەک، بەشێوەیەک لە چەند رۆژى رابردوودا دەیانیان بۆ هەرێمى کوردستان نێردراون و لە هەولێر و سلێمانى و ناوچە جیاوازەکان، زیانیان گەیاندووە