لەمەودوا ساختەکردن و کۆپیکردنی توێژینەوەی زانستی سزای بەدواوەیە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەمەودوا هەر خوێندکارێکی خوێندنی باڵا توێژینەوەکەی ساختە بێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێت.
هەریەکە لە دەستەی دەسپاکی و وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەی ساڵ و نیوێکە سەرقاڵی تاوتوێکردنی پڕۆژەیەکن بۆ رێگریکردن لە کۆپیکردن و ساختەکردنی توێژینەوە زانستییەکان، کە خوێندکاران لە قۆناغی کۆتایی خوێندندا ئەنجامی دەدەن.
964 دەزانێت، هەفتەی داهاتوو کۆتا کۆبوونەوە لەسەر پڕۆژەکەدا دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی هەرێم بە 964ـی راگەیاند: ئەو پرسە زۆر گرنگ و جێی بایەخە، چونکە توێژینەوەکان بنەمای داهێنان و پێشکەوتنن لە هەموو وڵاتێک.
وەک سەرۆکی دەستەی دەسپاکی باسی دەکات، کۆپیکردن و ساختەکردنی توێژینەوەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر نییە، بەڵام کەمیش نییە و هەیە.
ئەوەی لە پڕۆژەکەدا هەیە، بۆ رێگریکردن لەو کارە، رێنماییە زانستییەکان توندوتۆڵ دەکرێن و رێنماییەکانی نووسینی توێژینەوەش گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت.
“ئەگەر پێویست بکات داوا دەکرێت یاسای خوێندنی باڵای بۆ هەموار بکرێتەوە، چونکە ئەو توێژینەوانەی ساختە دەکرێن دێنە لای ئێمە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین و سزای بۆ دادەندرێت”، ئەحمەد ئەنوەر وای وت.