پەروێزخان، یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران - وێنە: 964
"بۆ باری وشکە"
ئێران دەرگای کردەوە؛ پەروێزخان تەنیا بۆ “وشکە” دەستیپێکردەوە
دواى دوو رۆژ
964+
میلاد جەلال- سلێمانى
دوای دوو رۆژ لە راگرتنی بەهۆی دۆخی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەى نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەستیپێکردەوە، بەڵام بە مەرج.
شۆفێرێکى بارهەڵگر کە ساڵانێکە لە دەروازەى پەروێزخانەوە کاڵا بار دەکات، بە 964ـى وت،”ئێران تەنیا رێگەی بە باری وشکە داوە، واتە کاشی، ئاسن و کەرەستەی بیناسازی”.
روونیشى کردەوە، باری تەڕە و خۆراک هێشتا قەدەغەیە و رێگە نەدراوە بێتە هەرێمی کوردستانەوە.
ئاشکراشى کرد، ئەمڕۆ تەنیا رێگە بە 150 بارهەڵگری عێراقی (فلات) دراوە بچن بارەکان بگوازنەوە.
شۆفێران دڵنیا نین دۆخەکە بەردەوام دەبێت یان نا، شۆفێرێکى دیکە کە سبەینێ سەرەیەتى بە 964ـى وت، “پێیان وتووین وەرن، بەڵام نازانین دیوی ئێران رێگە دەدەن بارەکان بێنین یان نا”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح