"هەرکەس نرخ بەرز بکاتەوە سزا دەدرێت"
بازرگانى هەرێم؛ کۆگاکان پڕن لەخۆراک و کێشەتان نەبێت
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە دۆخی بازاڕ ئاساییە و هیچ مەترسییەک لەسەر نەبوونی خۆراک نییە، دەشڵێت: رێگە بە گرانکردنی نرخ نادەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی هەرێم و چاودێریی بازاڕ، بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتییان، لەگەڵ میدیاکاران و رۆژنامەنوسان سەردانی کۆگاکانی خۆراکیان کرد.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە 964ـی وت: دۆخی بازاڕ زۆر ئاساییە و هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە خۆراک لە کۆگاکانی کەرتی گشتی و تایبەتدا بۆ سەرووی شەش مانگ بەردەستە.
جەختیشى کردەوە کە رێگە بە هیچ بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی نرخ نادرێت و هەر خاوەن کۆگا، فرۆشگا یان بریکارێک کاڵا و خۆراک گران بکات، رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح