پێشبڕکێکە لە سێ ئاستی جیاوازدا بوو
لە هەولێر 36 ئەسپسوار کێبڕکێی بازدانیان کرد
964+
رێباز خدر- هەولێر
لە یانەی ئەسپسواری نێودەوڵەتی هەولێر، پێشبڕکێیەکی نمایشی بازدانی ئەسپ بە بەشداری 36 یاریزانی کوڕ و کچ لە تەمەنە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا یاریزانان لە سێ ئاستی جیاوازدا کێبڕکێیان لەسەر بازدان بەسەر بەربەستەکاندا کرد.
ئاشتی فەلەکەددین کاکەیی، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکە بە 964ـی راگەیاند، ئامانجیان نیشاندانی توانای یاریزانە لێهاتووەکانە کە زۆربەیان کوردن و بەشێکی کەمیشیان عەرەبن.
وتیشی، “پێشبڕکێکە بۆ سێ ئاست دابەشکرابوو، ئاستی یەکەم لە بەرزی 60 سم، دووەم 80 سم و ئاستی سێیەمیش بازدان بوو لە بەرزی یەک مەتر”.
زینە جەباری، یەکێک لە بەشداربووەکان کە پلەی دووەمی لە ئاستی دووەمدا بەدەستهێنا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەسپسواری لە پێنج ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان زۆر پێشکەوتووە و وتی “رۆژ لە دوای رۆژ ئەسپسواری تازە دێنە نێو یارییەکە، بەتایبەت کچان کە جێگەی دڵخۆشییە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر