دیمەنێک لە قەزای شارەزوور _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
کارەبای 24 کاتژمێریان بۆدەچێ
شارەزوورییەکان سێ رۆژ بێ کارەبا دەبن
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە سێ رۆژی داهاتوودا شارەزوورییەکان کارەبای نیشتمانیان نابێ و تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی سەرقاڵی کارکردن دەبن، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بە کارەبای 24 کاتژمێری ماڵەکانیان رووناک ببێتەوە.
ئاسۆ ئەحمەد بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سەیدسادق بە 964ـی وت، “لەسبەینێ شەممەوە 28.2.2026 بۆ ماوەی سێ رۆژ کارەبا لە فیدەرەکان دەکوژێتەوە و هاوڵاتیان کارەبایان نابێ، بەمەبەستی چاکردن و پشکنیی گۆڕەڕەکان و ئامادەکاری بۆ سیستمی کارەبا بۆناو پڕۆژەی رووناکی”.
“کوژاندنەوەی کارەبا نزیکەی هەشت کاتژمێر و تەنیا لە رۆژدا دەبێت، لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کاتژمێر 4ـی عەسر”، ئاسۆ ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەوکاتەدا تەنانەت نابێ موەلیدەی گەڕەکەکانیش کاریان پێبکرێت، بۆئەوەی گیانی کارمەندەکان نەکەوێتە مەترسییەوە.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سەیدسادق وتیشی، هەوڵ دەدەن لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا ئیشەکانیان تەواو بکەن، ئەگەریش تەواو نەبوون، ئەوا بەجۆرێک لە جۆرەکان دۆخی کارەبا لە شارەزوور ئاسایی دەکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری