کێ تەقاندییەوە؟

چیرۆکی گومەز یان مەزارگەی “ئیمام عەلی” لەسەر شاخێکی خورماتوو

964+

سیروان خورشید – خورماتوو

ئەم گومەزە یاخود مەزارە دەکەوێتە سەر لوتکەی رۆژهەڵاتی شاخی خورماتوو کە زیاتر لە140 مەتر لەسەر ئاستی زەوییەوو بەرزە و روبەرەکەی 12 بۆ 16 مەتر دەبێت و کەسێکی ئاسایی دەبێت هەزار و 500 پێ قادرمە ببڕێت تا پێی بگات.

ئەم مەزارگەیە هیچ گۆڕێكی تێدا نییە و لەسەردەمی کۆنەوە وتراوە لەشەوانی هەینیدا نورێک لەشێوەی روناکی دەرکەوتووە لەو شوێنە، بۆیە خەڵکی بەشوێنێکی پیرۆزیان داناوە و ھەستاون بەدروستکردنی مەزارەکە.

ئەحمەد گەرمکی، مێژوونوس و شوێنەوارناسێکی خورماتووەو دەڵێت،” لەرابردودا لە دەوروبەری چیاکە نەوت و غازێکی زۆربینراوەو هەندێک جار شەوانە بەهۆی زۆری غازەوە ئاگر بەرزبوەتەوەوە لەو شوێنە کە لای دانیشتووانی ناوچەکە هاوشێوەی تیشکێک دەرکەوتووەو خەڵکی ئەو تیشکەیان بینیوە وایانزانیوە رۆشنایی و نوری ئیلاهیە و کردویانە بە مەزارگە و شوێنی پیرۆز و لەراستیدا لەسەر ئەفسانە دروستکراوە”.

لە بەشی خوارەوەی شاخ و مەزارەکە قەڵایەکی لێیە پێی دەوترێت قەڵای گاخۆر یان “قەڵای خورماتوو”، بەڵام ھەندێک خەڵک وادەزانن ناوی قەڵای گاورینە،کە ئەمەش ئەسڵی نیە و لەبنەڕەتا ناوی قەڵای گاخۆرە، ئەحمەد گەرمکی وای وت.

بەپێی سۆراغی 964، گۆمەزەکە چەندین جار روبەرووی روخان و بەئامانجگرتن بووەوە و لەساڵی 1992 بریاری روخاندنی گۆمەزەکەیان دەرکرد و روخانیان و تا پرۆسەی ئازادی عێراق لە 2003 بنکەی سەربازی بووە و پاش روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003، جارێکی تر لەلایەن خەڵکی شارەوە ئەو مەزارگەیە بونیات نرایەوەو دروستکراوەتەوە.

بەڵام لەهەمان ساڵداو لە شەوی 21 لەسەر 22ـی ساڵی 2003 لە لایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوه‌ ئەو مەزارگەیە تەقێندرایەوە، بەوهۆیەشەوە هەر بۆ بەیانیەکەی شەڕێکی قورسی کۆڵان بەکۆڵان لەنێوان پێکهاتەکانی قەزاکە رویداو چەندین کوژراو بریندار لە نێوان پێکهاتەکانی قەزاکەدا کەوتەوە و یەکەم شەڕی نێوان پێکھاتەکانی خورماتوو بوو کە تێیدا بووە فیتنەیەک و بانگخوازانی شیعەکان لە بڵندگۆی حوسەینیەکانەوە بانگەوازی جیھادیان کرد.

پاشان لەساڵی 2018ـەو دوای روداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 جارێکی تر پارەی بۆکۆکرایەوەو مەزارگەکە دروستکرایەوەو ئێستاش وەک پیرۆزیەک تەماشای دەکرێت بەتایبەت لای توركمانە شیعە مەزهەبەكان و رۆژانە بەتایبەت لەکاتی مەراسیم و بۆنە ئاینیەکان سەردانی دەکرێت و مەراز و تەبەروکی خۆیانی لێ وەردەگرن.

محەمەد ئەمین، کەسایەتی شارەکە بۆ 964 دەڵێت، ئەو مەزارە بۆ ئەوان پیرۆزە، بەڵام وەک ئاین بۆیان گرنگ نیە و بەپێی وتەی مەرجەعیەتی خۆیان ئیمامی عەلی بە سنوری خورماتوو نەگەیشتووە و ھانا بردن بۆ گۆڕ و مردوو لای موسڵمانان و کورد دروست نیە و تەنیا ئەبێت داوا و ھانا بۆ خوا ببرێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

گۆڕستانی غەریبان لە خورماتوو كێی لێ نێژراوه‌ ؟

گۆڕستانی غەریبان لە خورماتوو كێی لێ نێژراوه‌ ؟