باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت
باڵیۆزخانەكە كراوە دەبێت
ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی لە بەیروت چۆڵ دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، وەزارەتەکە فەرمانی بە کارمەندانی ناپێویست و خێزانەکانیان کردووە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت بەجێبهێڵن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە سكای نیوزی راگەیاندووە، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێشتا بەنیازە گەشت بۆ ئیسرائیل بکات، بەڵام خشتەکە ئەگەری هەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. سەرچاوەیەکی ئەمنی لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، رۆژی دووشەممە نزیکەی 40 کارمەندی باڵیۆزخانەکە لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەیروتەوە بەڕێکەوتوون.
بڕیارەکە ستافی ناپێویست و خێزانەکانیان دەگرێتەوە، بەڵام باڵیۆزخانەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت: ئێمە بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی دەکەین و بە پشتبەستن بە دوایین شیکارییەکانمان، هەستمان بەوە کرد ئامادەبوونمان کەم بکەینەوە و تەنیا بۆ کارمەندانی بنەڕەتی بوونمان هەبێت.
ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکردووەتەوە بۆ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران و پاڵنانی بەرەو رێککەوتن لە دانوستانەکاندا کە پێنجشەممەی داهاتوو لە سویسرا دەستپێدەکاتەوە.