"برا و برازایەکی کوژراوەکە دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە"
بەتۆمەتی کوشتی زاواکەیان پێنج کەس لە هەولێر دەستگیر کران
964+
شۆڕش قادری
دوای ساڵێک و چوار مانگ، ئاسایشی هەولێر پێنج کەسی بەتۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەکی رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کرد کە بکوژەکان، ماڵە خەزووران و برا و برازایەکی کوژراوەکەـن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، رۆژی 22.10.2024 لە گەڕەکی مامزاوەی شاری هەولێر، هاوڵاتیەکی کوردی رۆژئاوای کوردستان بەناوی (محەمەد عەلی رەمۆ) کوژرا، هەر ئەوکات لە لایەن تیمەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچون کرا و بەڵگەی تاوانەکان کۆکرانەوە و ناسنامەی تۆمەتبارەکانمان ئاشکرا کرا، بە ناوەکانی ( م ، ع ، ع ) و ( أ ، ع ، ع ) و (ی ، ع ، ع ) کە دەبنە ماڵی خەزورانی تاوانلێکراو، هەروەها تۆمەتباران ( ر ، ع ، ر) و (ع ، ح ، ع) دەبنە برا و برازای تاوانلێکراو”.
هەر ئەو کات بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەم تۆمەتبارەکان دەرچووە، بەڵام ئاسایشی هەولێر دەڵێت، لەبەر ئەوەی ئەو کات بەردەست نەبوون، بۆیە رۆژی 7.2.2026 توانیویانە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن.
بەپێی راگەیەنراوەکە، محەمەد عەلی لە سەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و بەشێوەی پیلان بۆداڕێژراو لەلایەن ماڵە خەزوران و براو برازایەکی خۆیەوە کوژراوە.