لای ئەوان بەهارە
بزن و مەڕ و ماڵات داوەتی دار و گژوگیای شەقامی سلێمانی تاسلوجە بوون
+964
دیلان محەمەدجەزا
کامێرای 964 بۆ ماوەیەکی زۆر ڤیدیۆی ئەو کۆمەڵگە مەڕ و بزنانەی گرت، کە بە دڵی خۆیان کەوتبوونە سەر گژوگیا و دار و دەوەنی بلواری نێوان رێگای خێرای سلێمانی بۆ تاسلوجە.
وەک لە دیمەنەکان دەردەکەوێت، بزن و ماڵاتەکان وەک بڵێی داوەتی گژوگیاکە بن و کەس خۆیان لێ ناکات بە خاوەن، ئیتر ئەوانیش بە دڵی خۆیان ئەو سەوزایی و دار و رووەکانە دەخۆن و سەری بۆ بادەدەن، ناهەقیشیان نییە و گژوگیای جوان هەر بزن دەیخوا.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو دار و رووەک و گوڵانە بە پارەیەکی زۆر و بە توانای مرۆیی زۆر دەچێندرێن و رۆژانە خزمەت دەکرێن، بەڵام دیارە خوا رزقی ئەو ئاژەڵانەی داوە و لەو نیو سەعاتەی کامێرای 964 لەوێبوو، کەس بە لایاندا نەهات و دوورنەخرانەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا