بە نەشتەرگەرییەکی "دەگمەن" ناویان هێناوە
لە کەرکوک بۆرییەکی نوێی خۆراکدان بۆ کچێکی دوو ساڵان دروستکرا
964+
فەرهاد حەسەن
لە کەرکوک تیمێک لە پزیشکان لەرێگەی نەشتەرگەرییەوە توانیان بۆرییەکی نوێی خۆراکدان بۆ کچێکی دوو ساڵان دروست بکەن، چونکە بەدەست رشانەوەیەکی بەردەوام دەیناڵاند.
نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئازادی لە بەشی نەشتەرگەری تایبەتمەند ئەنجامدراوە و بە تایبەتمەند و دەگمەن ناوی هێناوە.
ئیدارەی نەخۆشخانەی فێرکاری بڵاویکردەوە، تیمێک لەرێگەی بڕینی سک، بڕینی مل، لابردنی تەواوەتی سورێنچک توانیان بۆرییەکی نوێی خۆراکدان بۆ کچێکی دوو ساڵانەکە دروستبکات.
دکتۆر هێرمان یاسین شوانی، پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و خوێنبەرەکان و پزیشکی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە دەڵێت “کچە دوو ساڵانەکە ماوەی ساڵێکی تەواو بەدەست رشانەوەیەکی بەردەوام و بێتوانایی لە خواردن دەیناڵاند، بۆیە توانمان لە رێگەی گەدەیەوە بۆرییەکی نوێی خۆراکدانی بۆ دروست بکەین”.
باسی لەوەشکردووە، دوای دروستکردنی بۆرییەکە گەدەیان بە قوڕگی درووێنرا بەبێ ئەوەی پێویست بکات سنگی بکرێتەوە، دەڵێت “ئەمەش بە نەشتەرگەرییەکی تایبەتمەند دادەنرێت، کە سێ کاتژمێری خایاند و سەرکەوتوو بوو”.
ئیدارەی نەخۆشخانە دووپاتی کردووەتەوە، کە دوای نەشتەرگەرییەکە تەندروستی کچەکە جێگیرە و بە تەندروستییەکی باشیش لە نەخۆشخانە دەرچووە.