"دەیان هەزار تووشی دەردەسەری بوونە"

شاندێكی وڵاتی سوید بارودۆخی ناهەمواری رۆژئاوی كوردستان دەگەیەنێتە پەرلەمانی ئەوروپا

964+
فەرهاد حەسەن

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ شاندێکی سیاسی سوید، بارودۆخی ناوچەکە و ئەو هێرشانەی کە رووبەڕووی ناوچەكە بوونەتەوە لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی دۆخی مرۆیی کۆبانی، تاوتوێ کرد و بەڵێنیان دا ئەم بارودۆخە بگەیەننە پەرلەمانی ئەوروپا.
فەرمانگەكە كە ئیلهام ئەحمەد سەرۆكایەتی دەكات، بڵاویكردووەتەوە، لە بارەگاكەیان لە قامیشلۆ پێشوازییان لە شاندێکی سیاسی وڵاتی سوید کردووە.
ئیلهام ئەحمەد تێڕوانینێکی گشتیی سەبارەت بە دۆخی سوریا و بەتایبەت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر خستەڕوو، باسی لەو هێرشانە کرد کە رووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە و خەڵكەكەش بەرگەی گرتووە، بەتایبەتیش لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە تا ناوچەکانی دیکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بارودۆخی مرۆیی شاری کۆبانێ و گەمارۆكەی سەری بابەتێكی سەرەكی كۆبوونەوەكەیان بوو، کە بووەتە هۆی بێبەشبوونی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن، ئەمە جگە لەوەی بەدەست کەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن.
شاندە سویدییەكە، ئەوەیان روونكردووەتەوە، کە سەردانەکەیان لە کاتێکی گرینگدایە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکان بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنی تەواو لەسەر دۆخەكان بەگشتی كە دەیان هەزار تووشی دەردەسەری كردووە، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد و ئیدارەی خۆسەر دەربڕیوەو و پابەندبوونیان بە گەیاندنی ئازارەکانی دانیشتوانی ناوچەکە بە پەرلەمانی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە.