11 ساڵە كورد بێدەنگی لێكردووە

كورد لە بەغدا پۆستی سوپاسالاری عێراقی لەدەستچوو یارەڵاش پەیامێك بڵاودەكاتەوە

964+
فەرهاد حەسەن

عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا، سوپاسالاری نوێی عێراق له‌ یه‌كه‌مین په‌یامیدا رایگه‌یاند، سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌كات كه‌ متمانه‌یان پێبه‌خشیوه‌، ده‌شڵێت، كارده‌كات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق و پەرەپێدانی سیستمە سەربازی و شەڕکەرەکانی.
یاروڵا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، “بە هەستێکی قوڵی بەرپرسیارێتی، سوپاسی ئەو متمانەیەی نوێنەرانی گەل دەكەم كە ئەركە نوێیەیان پێسپاردووم و دەنگیان پێدام بۆ راسپاردنی من وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای بە جەرگی عێراق”.
دەڵێت “پابەندبونم نوێ دەکەمەوە بۆ بەردەوامبون لە کارکردن بە پەرۆشەوە لەگەڵ هەمو ئۆرگانەکانی یاسادانان و جێبەجێکاری پەیوەندیدار”.
پەرلەمانی عێراق، لە كۆبونەوەی دوێنێدا دەنگی لەسەر دیاریكردنی عەمار موسا وەک سەرۆكی شارەوانی بەغدا و عەبدولئەمیر یاروڵا وەک سوپاسالاری عێراق، ئەوەش ناڕەزایەتی كوردی لێكەوتەوە.
پۆستی سوپاسالاری عێراق، پشكی كوردە و لە ساڵی 2003 تاوەكو 2015 بابەکر زێباری لەو پۆستەدا بووە، بەڵام لە 2015 حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بابەکری خانەنشینکرد و لەدوای خانەنشینكردنیشی، عوسمان غانمی وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپا بە وەکالەت دەستنیشان کرد و ئەو لەو پۆستە بەردەوامبوو تاوەكو 2020، هەرچەندە لە 7.6.2020 ـەوە عەبدولئەمیر یاروڵا وەک سوپاسالاری عێراق دەستنیشانکراوە و لەماوەكانی رابردوشدا دەنگۆی خانەنشینكردنی بڵاوبوەوە، بەڵام متمانە پێدانی دوێنێ لەلایەن پەرلەمانەوە بەواتای بەردەوامبونیەتی لە پۆستەكەیدا.