مەفرەزەی پۆلیس لە بەنداوی دێوانە جێگیرکرا

964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هاوڵاتیانی دەربەندیخان و دەوروبەری پۆل پۆل دەچن بۆ تەماشاکردنی بەنداوی دێوانە کە بەهۆی بارانە زۆرەکەی ئەم چەند رۆژەی رابردوو سەرڕێژ بووە، قایمقامیەتی قەزاکەش بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان مەفرەزەیەکی لای بەنداوەکە جێگیرکردووە.

جێگیرکردنی مەفرەزەکە بۆ رێگریکردنە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو کە بەسەر هاوڵاتیاندا بێت، چونکە بەنداوەکە راگری سەلامەتیی نییە.

بەپێی راگەیەندراوێکی قایمقامییەتی دەربەندیخان، داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کراوە تا کۆمپانیای جێبەجێکار رابسپێردرێت بۆ دروستکردنی راگری سەلامەتی بۆ بەنداوەکە لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.

هاوکات داوا لە هاوڵاتیانیش دەکرێت ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە کاتی سەردانکردنی بەنداوەکەدا و خۆیان بەدووربگرن لە نزیکبوونەوە لەو شوێنانەی مەترسییان لەسەرە.

بەنداوی دێوانە دەكەوێتە باشووری شارۆچكەی دەربەندیخان، 42 مەتر بەرزە و 260 مەتر پانە و توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.