لە گوندێکی چۆمان مین و پاشماوەیەکی تەقەمەنی جەنگی خزاونەتەسەر رێگای هاوڵاتیان – وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین / هەولێر
هەڵگیرانەوە و گواسترانەوە
لە چۆمان مین و پاشماوەیەکی تەقەمەنی جەنگی خزاونەتە سەر رێگای هاوڵاتیان
964+
شۆڕش قادری
لە گوندێکی چۆمان مینێکی دژەکەسی و پاشماوەیەکی تەقەمەنی جەنگی، بەهۆی بەفر و بارانەوە خزابوونە سەر رێگای هاوڵاتیان و مەترسیان دروستکردبوو، تیمەکانی مینلابەر هەڵیانگرتنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین / هەولێر چەند وێنەیەکی ئەو تەقەمنیانەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادارکراونەتەوە بەدەرکەوتنی مینێکی دژەکەسی لەجۆری (V69) و پاشماوەیەکی تەقەمەنی جەنگی کەبەهۆی بەفر و باران خزابوونە سەر رێگای هاوڵاتیان لەگوندی دەربەند، سەربە قەزای چۆمان، کە مەترسییان دروستکردبوو.
تیمێکی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی (EOD) چوونەتە شوێنەکە و بە شێوازی گونجاو و سەلامەت ئەو تەقەمەنیانەیان هەڵگرتووەتەوە و گواستوویاننەتەوە.
هەر لە سەرەتای وەرزی زستان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر رێنوێنی تایبەتی لەسەر خزانە خوارەوەی مینەکان بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانەوە دابوو بە هاوڵاتیان، بۆیە دەتوانن لەکاتی بینینی مین و هەر پارچەیەکی تەقەمەنی، راستەوخۆ پەیوەندی بەهێلی گەرمی دەزگای مینەوە بکەن بەژمارە 182.