شەقامەکان فراوان دەکرێن و رەمپەی بەردەم دوکانەکان لادران
رێگری لە زێدەڕۆییەکانی پیشەسازی باکوور دەکرێت
964+
ژێوار خدر
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی پشووی فەرمییە، بەڵام هەڵمەتێکی فراوان بۆ لادانی زێدەڕۆییەکانی ناو پیشەسازی باکووری هەولێر دەستیپێکرد، لەم هەڵمەتەدا ژمارەیەک رەمپە و ئاستەنگی بەردەم دوکانەکان لادران بۆ ئەوەی شەقامی خزمەتگوزاری ناوچەکە فراوان بکرێت و کێشەی جەنجاڵی هاتوچۆ بۆ شۆفێران و هاوڵاتییان چارەسەر ببێت.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، تیمەکانی هۆبەی لادانی زێدەڕۆیی لە شارەوانی سێ بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی ئەم کارەیان ئەنجامداوە،مەبەست لەم هەنگاوە پاراستنی موڵکی گشتی و رێگریکردنە لەوەی دوکانداران پیادەڕەو و شەقامەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن، کە ببووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی زۆر بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان.
رێکخستنەوەی ئەم شەقامە خزمەتگوزارییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن و چیتر سیمای پیشەسازییەکە بە زێدەڕۆیی نەشێوێنرێت، شارەوانی جەختی کردووەتەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی شەقامەکان و رێگە نادەن هیچ جۆرە زێدەڕۆییەک لەسەر شەقامە گشتییەکان بمێنێتەوە.