راهێنه‌ری سۆران: ده‌ستم له‌ كار نه‌كێشاوه‌ته‌وه‌ و ده‌ریانكردووم

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

راهێنه‌ری تیپی تۆپی پێی یانه‌ی سۆران رایگه‌یاند، راست نییه‌ ده‌ستی له‌ كار كێشابێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌ركراوه‌.

ره‌فیق سه‌عید راهێنه‌ری یانه‌ی سۆران، كه‌ له‌ خولی نایابی كوردستان به‌شداره‌، به‌ تۆڕی 964ی وت، “ئه‌وه‌ی له‌ په‌یجی فه‌یسبووكی یانه‌ی سۆران بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ گوایه‌ ده‌ستم له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌، راست نییه‌، به‌ڵكو له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌كه‌وه‌ دوورخراومه‌ته‌وه‌”.

وتیشی، متمانه‌ی ته‌واوم به‌ خۆم و یاریزانه‌كانم هه‌بوو، دوای شكسته‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئارارات، به‌هێز بگه‌ڕێینه‌وه‌ مه‌یدان، چونكه‌ من له‌و كه‌سانه‌ نیم له‌ به‌رپرسیاریه‌تیی رابكه‌م.

“کارگێریی یانەی سۆران بوێری ئەوەیان نەبوو بلێن ئێمە راھێنەرمان دوورخستووه‌تەوە لە ترسی کاردانەوەی ھاندەرەکان و یاریزانان ، ویستیان پاساو بۆ کودەتاکەیان بھێننەوە و وایان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ من خۆم وازم ھێناوە”، ره‌فیق سه‌عید وای وت.

ئه‌و راهێنه‌ره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ھەر لە سەرەتای ئەم وەرزە ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان دەستەی کارگێری ھەبووە لەسەر پۆستی ( بەرپرسی دارایی ) و بەردەوام شەڕیان بووە لەسەر ئەم پۆستە و لە پیلانگێریدابوونە لە دژی یەکتری و ھەوڵیان داوە یاریزانان بکێشنە نێو کێشەکانه‌وه‌، ئەمەش مایەی پشێوی بوو لەناو تیپ  و چەندان جار سەرۆک و ئەندامانی یانەی لە مەترسی ئەم شتە ئاگادار کردەوە و ھەولی نێوەندگیریم دا بۆ ئاشتبوونەوەیان، بەڵام بێسوود بوو .

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “ئەم بڕیارەی دەستەی کارگێری ھیچ پەیوەندیی بە ئەنجامەکانەوە نەبووە، چونکە لە گەڕی دووەمی خولی نایاب ئەنجامی باشمان ھەبووە، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ بۆ تۆلەسەندنەوە بووە، چونکە من لە ھەڵبژاردنی یانه‌كه‌ پالپشتی ھەندێکیانم نەکردووە و ھەندێکیشیان نەمھێشتووە بێنە ژووری جلگۆڕینی یاریزانان و دەست لە کاری ھونەریی من وەربدەن”.

به‌ هۆی بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی ره‌فیق سه‌عید، یاریزانانی یانه‌كه‌ بایكۆتی مه‌شقه‌كانیان كردووه‌، بۆیه‌ ره‌فیق وتی، زۆر سوپاسی ھەڵوێستی یاریزانان و ھەموو کەسە دڵسۆزەکان دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی نواندیان لەم دوو رۆژەدا، داواش لە یاریزانان دەکەم بایکۆتیان بشکێنن و بە زووترین کات بگه‌ڕێنه‌وه‌ مه‌شقه‌كانیان، چونکە بەرژەوەندیی یانە لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندیێکەوه‌یه‌.

یانه‌ی سۆران ئێستا له‌ خولی نایابی كوردستان له‌ پله‌ی 11یه‌ و 24 خاڵی هه‌یه‌.

ره‌فیق سه‌عید، ناسراو به‌ ره‌فیق باڵه‌كی، یه‌كێكه‌ له‌ راهێنه‌ره‌ به‌رچاوه‌كانی له‌ تۆپی پێی كوردستان و له‌ سێ قۆناغی جیاوازدا مه‌شقی یانه‌ی سۆرانی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ و هه‌ر ئه‌و تیپه‌كه‌ی له‌ خولی پله‌ یه‌كه‌وه‌ گه‌یانده‌ پله‌ نایابی كوردستان و نازناوی پله‌ یه‌كی بۆ به‌ده‌ستهێنان، هه‌روه‌ها وه‌رزی رابردوو یانه‌ی رواندزی بۆ خولی پله‌ یه‌ك سه‌رخست.