لە سەیدسادق دەست بەسەر یەک تۆن خورمای ماوەبەسەرچوودا گیرا
هەوڵی ساغکردنەوەی دەدرا
تۆنێک خورما لە سەیدسادق دەستی بەسەرداگیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لیژنە هاوبەشەکانی قەزای سەیدسادق بە هەماهەنگی ئاسایش، سەرکەوتووبوون لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی ساغکردنەوەی بڕێکی زۆر خورمای ماوەبەسەرچوو کە بڕیاربوو لە مانگی رەمەزاندا بیفرۆشن.
رۆژی 19.2.2026 ئەگەری زۆرە، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.
قایمقامیەت دەڵێ لە کاتی پشکنینی کۆگایەکدا، دەست بەسەر زیاتر لە یەک تۆن خورمای عێراقی دا گیراوە کە بە مەبەستی فێڵکردن لە کڕیاران هەڵگیرابوو.
رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق لە راگەیەندراوێکدا کە پێگەی فەڕمی قەزاکە دایناوە وتی، ئەو خورمایانە لە مانگی 10ی ساڵی پارەوە بەسەرچووە، خاوەنەکەی بەنیاز بووە لە مانگی رەمەزاندا بیخاتە بازاڕەوە و ساغیان بکاتەوە.
بە قسەی قایمقام، دەستبەجێ دەست بەسەر تەواوی بڕەکەدا گیراوە و لەناوبراون، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.