رێگاو بانى راپەڕین روونکردنەوە دەدات

پردە کۆنەکەى دەربەندى رانیە مەترسى لەسەر نییە

وریا فەتاح

دوای ئەوەی دەرکەوتنی بەشێکی پایڵەکانی پردە کۆنەکەى دەربەندى رانیە نیگەرانی دروستکرد، ئەمڕۆ دووشەممە تیمێکی ئەندازیاریی پشکنینیان بۆ پردەکان کرد و دڵنیایی دەدەن کە هیچ مەترسییەکی رووخانیان لەسەر نییە.

بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى راپەڕین ئەنجامی پشکنینەکەی بەم شێوەیە خستەڕوو:

گۆڕانی شێوەی رێڕەوی ئاوەکەیە کە بووەتە هۆی دیاردەی “داخوران – Scouring”، واتە ئاوەکە خاکی دەوروبەری پایڵەکەی بردووە، نەک ئەوەی کێشەیەک لە بنچینەی پردەکەدا هەبێت.

بۆچی مەترسی نییە؟
بەپێی راپۆرتی ئەندازیاران، بنچینەی هەردوو پردەکە لەسەر سیستەمی (End-bearing-piles) دیزاین کراوە، واتە:

هێزی قورسایی پردەکە راستەوخۆ دەچێتە سەر چینە هەرە بەهێزەکان و بەردی بنچینەیی (Bedrock).
پردەکە بۆ وەستان پشت بە لێکخشاندنی خاک (Friction) نابەستێت، بۆیە ئەگەر خاکەکەش بڕوات، پردەکە جێگیرە.
چارەسەرەکان چی دەبن؟
تیمەکان دوو هەنگاو دەگرنەبەر:

1.  بەپەلە: ئاوەکە دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی پەستان تەنها لەسەر یەک یان دوو سپان (Span) نەبێت.

2.  لە وەرزی کەمئاویدا: بە بەکارهێنانی قسڵڕێژ (Riprap) یان کۆنکرێتی پارێزەر، دەوروبەری پایڵەکان پڕدەکرێنەوە بۆ رێگری لە داخورانی زیاتر.