پارەیان لای حکومەتە و پێیان نادرێتەوە
هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە رێگای هەورامان نۆژەن بکاتەوە
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
رێگای چوون بۆ هەورامان لە خورماڵ، هەروەها لە هەڵەبجەشەوە وێرانە و لە چەندین شوێنەوە چاڵ و چۆڵی و رەگلەیەکی زۆری تێدایە، ئەمە جگە لەوەی یەک سایدە و لە رۆژە پشووەکان و وەرزی هاتنی گەشتیاراندا فشارێکی زۆری لەسەرە، زۆرجاریش مەترسی دروست دەکات بەهۆی قەرەباڵغی و زۆری ئۆتۆمبێلەوە، بەڵام هیچ کۆمپانیایەکیش ئامادە نییە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی وەربگرێت.
بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان و نیشتەجێکردنی هەڵەبجە نەرمین حەمەخان، بە 964ی وت: “پێشتر پارێزگا دەرخستەیەکیان ئامادەکردبوو، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگایانە، سێ جاریش بانگەوازیان کرد بۆ کۆمپانیاکان، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک ئامادەنەبوو پرۆژەکە وەربگرێت، ئێستاش دەرخستەی پرۆژەکە لای ئێمەیە بە هەندێک گۆڕانکارییەوە هەمانبوو، بە رەزامەندی وەزارەتی دارایشەوە، داوامان لە سێ کۆمپانیای دیاری ناوچەکە کرد کە پرۆژەکەمان بۆ جێبەجێ بکەن، بەڵام هیچ کامیان ئامادەییان نەبوو، هەریەکەو بە بیانوویەک”.
روونیشیکردەوە: “ئێستا جارێکی دیکە بانگەوازمان کردووە بۆ سەرجەم کۆمپانیاکان کە بێن بە دەممانەوە و ئەو پرۆژەیەمان بۆ جێبەجێ بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ کۆمپانیایەک ئامادەیی پیشان نەداوە، ئەگەر بەو شێوەیە بێت، ناچارین داوا بکەین خۆمان پرۆژەکە جێبەجێ بکەین، هەرچەندە خۆمان ئامێر و کەرەستەی پێویستمان نییە، بەڵام بە ناچاری دەبێت بەش بەش خۆمان رێگاکە چاک بکەین”.
“کێشە سەرەکییەکەی ئێمە نەبوونی پارەیە، ئەگەر پارەمان بۆ خەرج بکرێت پرۆژەکەش دەکرێت، بۆیە بە ناچاری ئێستا و بە شێوەیەکی کاتی بە تێچووی دوو ملیۆن دینار، قیری ساردمان کڕیوە، کە چاڵ و چۆڵییەکان بە شێوەیەکی کاتی پڕبکەینەوە، هەرچەندە ئەوەش کاتییە و بەرگەی زۆر ناگرێت”. نەرمین حەمەخان وای وت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی 964 له چهند كۆمپانیایهكی ههڵهبجهوه دهستی كهوتووه، ههندێك له كۆمپانیاكان پارهی پڕۆژهكانی پێشوویان لای حكومهتی ههرێمه و بۆیان خهرج ناكرێت، بۆیه ئهوانیش ئامادهنین پڕۆژهی دیكه وهربگرن و پارهشیان پێنهدرێت.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا