بەهۆی نالەباری کەشوهەوا
هاتوچۆی هەڵەبجە هۆشداری بە شۆفێران دا نەچنە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان
964+
فەرهاد حەسەن
هاتوچۆی هەڵەبجە هۆشداری بە شۆفێران دەدات کە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە مەترسی لەسەر رێگاکان دروست بووە و پێویستە بە وریاییەوە شۆفێری بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، رایگەیاند، ئاگاداری شۆفێرانی سنوورەکە دەکەینەوە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و ساردی ناوچەکە مەترسی لەسەر رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار ناوچە شاخاوییەکانیش دروست بووە.
دەشڵێت، لەپێناو سەلامەتی گشتی داواکارین لە شۆفێران بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان نەکەن بەتایبەت شوێنە گەشتیارییەکانی ئاوێسەر، زەڵم و ئەحمەدئاوا تاوەکو ئاساییبونەوەی رەوشی کەشوهەوا.
داواشیان لێدەکات، پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن لەکاتی شۆفێریدا زۆر وریا و لەسەرخۆبن خێرایی کەمبکەنەوە و ماوەی سەلامەتیی نێوان ئۆتۆمبێلی خۆیان و پێش خۆیان بپارێزن.