عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران - وێنە؛ ئیرنا
وەزیری دەرەوەی ئێران:
“دەستبەرداری مافی خۆمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم نابین”
964+
شۆڕش قادری
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەستبەرداری مافی خۆیان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم نابن، تەنانەت ئەگەر باجی قورسیشی هەبێت.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتارێکدا لە یەکەمین کۆنگرەی نیشتمانی سیاسەتی دەرەوە لە تاران رایگەیاند، “پیتاندنی یۆرانیۆم پێداویستییەکی وڵاتە و بەشێکە لە سەربەخۆیی و شکۆی نیشتمانیمان، کەس بۆی نییە پێمان بڵێ کە ئەوەمان نەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەن چارەسەری نیگەرانییەکان بکەن، گفتوگۆ و متمانە دروست دەکەن، بەڵام دەستبەرداری مافی یاسایی خۆیان نابەن، تەنانەت ئەگەر باجی قورسیشی لەپێناو بدەن.
“مانۆڕە سەربازییەکانیان نامانترسێنێت، لایەنگری دیپلۆماسین و ئامادەی شەڕین، بەڵام شەڕخواز نین، ئامادەبوون بۆ شەڕیش بۆ ئەوەیە کە کەس بوێری ئەوەی نەبێت لەگەڵمان بجەنگێت”، عێراقچی ئەمەشی وت.
هەینی رابردوو هەردوو شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان ناڕاستەوخۆ کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی تر گفتوگۆ بکەن و تائێستاش شوێنی دانیشتنی داهاتوویان دیاری نەکردووە.