"باجی دوولایەنە" بنبڕ بکرێت

سودانی بڕیاری نوێی بۆ “یەکخستنەوەی باج” لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەرکرد

فەرهاد حەسەن

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبونەوەی چاکسازیی باجی کرد و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ یەکخستنی باج دا و بۆ ئەو مەبەستە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی باج لە هەرێمی کوردستان دەكرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سودانی ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی کۆبونەوەیەکی لیژنەی باڵای چاکسازیی باجی کرد بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باج، ستافی باڵای دەستەکە و ژمارەیەک لە راوێژکارانی ئابوری و دارایی سەرۆکوەزیران.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە کۆبونەوەکەدا باسی میکانیزمی یەکخستنی رێکارەکانی ژمێریاریی باج و ئەو ئاستەنگانە کرا کە دێنە بەردەم کۆمپانیاکان، هەروەها بە وردی گفتوگۆ لەسەر یاسای ژمێریاریی باج کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازیی حکومەت”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی یەکخستنی رێکاری باج لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پرسی “باجی دوولایەنە”ی ناوخۆیی و دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و کاریگەر بۆ بنبڕکردنی ئەو کێشەیە.

سودانی لە میانەی كۆبونەوەكەیدا چەند فەرمانێکی دەرکرد، لەوانە:

ئامادەکردنی پێشنیازە بڕیارێک بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە تێیدا چارەسەری هەموو ئەو ئاستەنگە باجییانە بکرێ کە لە بەردەم کەرتی تایبەت و کۆمپانیا عێراقییەکاندان، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای بودجەی ساڵی 2026 پەسند دەکرێت.

پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و دەستەی باج بۆ پەیوەندیکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی باج لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گەیشتن بە قۆناخێکی پێشکەوتوو لە یەکخستنی رێکارەکانی باج لەنێوان هەردوولادا.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق لەكاتێكدایە، کە پێشتر لە ناوەڕاستی ساڵی 2024 هەرێم و بەغدا  لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج گەیشتنە رێککەوتن، بەمەبەستی کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن.