"هەموو شتێک وەکوخۆى دەمێنێتەوە"

رێککەوتنى دیمەشق و هەسەدە لە رۆژئاوا تەنیا بۆ پیشاندانى حاکمییەتى دەوڵەتە

964+

وریا فەتاح

لە چەند رۆژى رابردوو، لە حەسەکە، قامیشلۆ و کۆبانێ، هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى سوریا جێگیرکران کە بەشێکن لە رێککەوتنى هەسەدە و دیمەشق، لە دواى ئەمەوە هەنگاوەکانى تێکەڵکردنى دام و دەزگاکانى خۆسەر بە دیمەشق دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964، وردەکاریی جێگیربوونی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریای لە حەسەکە، قامیشلۆ و کۆبانێ ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە نیشاندانی “حاکمییەتی دەوڵەت”ـە لە ناوچە سنوورییەکان.

بەوتەى هۆشەنگ دەروێش، بۆ هەر ناوچەیەک نزیکەی 125 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆی سوریا هاتوون کە ژمارەیەکیان فەرمانبەرى ئیدارین. ئەرکی ئەم هێزانە تەنیا بۆ “گرێدانەوەی” دامەزراوەکانە نەک جێگرتنەوەیان:

گرێدانەوەی بەشەکانی (ئاسایش، هاتوچۆ، نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو) بە وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە.
ئەنجامدانی سەرژمێری بۆ ئەوەی کارمەندانی خۆسەری بخرێنە سەر میلاکی حکومەت.
وەک باسى دەکات، لە قۆناغی داهاتوودا چەند شوێنێکی ستراتیژی بە هاوبەشی بەڕێوە دەبرێن، لەوانە:

فڕۆکەخانەکان.
دەروازەی سنووریی سێمێلکا (لەگەڵ هەرێمی کوردستان).
دەروازەی نسێبین (لە نێوان رۆژئاوا و تورکیا).
حەختیش دەکاتەوە، بۆ رێگری لە هەر گرژییەک و وەک بەشێک لە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، بڕیارە سوپای سوریا بۆ سنووری خۆی لە نزیک “شەددادی” بکشێتەوە و هەسەدەش بچێتە ئەو شوێنانەی بۆی دیاریکراوە.

مووچە و میلاک دەچێتە سەر دیمەشق

بڕیارە کەرتەکانی (تەندروستی، پەروەردە، شارەوانی و دام و دەزگا خزمەتگوزارییەکان) لەگەڵ فەرمانبەرەکانیان بخرێنە سەر میلاکی حکومەتی سوریا و مووچەکانیان لەوێوە دابین بکرێت.

ئاسایشی ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە؟

هۆشەنگ دەروێش لە بارەى ئەم پرسیارەوە دڵنیایی دەدات: “ئەو هێزە ئەمنییەی هاتووە کاتییە و بۆ مەبەستی گرێدانەوەیە. هێزەکانی ئاسایشی خۆسەری وەک خۆیان دەمێنن، فەرماندەییەکانیان سەربەخۆ دەبن و هیچ گۆڕانکارییەک لە کارەکانیاندا روونادات.”

دەوڵەتى سوریا لە رۆژئاوا؛ رەمزییەتی حاکمییەت

هۆشەنگ دەروێش ئاشکراى کرد، ئامانجی کۆتایی ئەم هەنگاوانە، گەڕانەوەی “رەمزییەت”ی دەوڵەتی سوریایە بۆ ناوچەکانی رۆژئاوا، بەتایبەت لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان، تاوەکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بگوترێت حاکمییەتی سوریا لەو شوێنانەدا بوونی هەیە، بەتایبەتیش بۆ تورکیا.

لە حەسەکە هێرشکراوەتە سەر رەتڵێکی هێزەکانی حکومەتی سو...

لە حەسەکە هێرشکراوەتە سەر رەتڵێکی هێزەکانی حکومەتی سوریا