مەنجەڵە یاپراخەکەی مینا پڕ گۆشت بوو
یادەکەی بردە دوکانی مامۆستاکەی
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
مینا نەیزانیبوو بەهۆی بارانە بە لێزمەکە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی و گەرمیان کراوە بە پشوو، بە مەنجەڵە یاپراخەکەیەوە چووە قوتابخانە، بەڵام بەسەر قفڵێکی گەورە کەوت. مینا، یاپراخەکەی نەبردەوە ماڵ و لەگەڵ مامۆستای بیرکاری لە دوکانەکەیدا یادی جلی کوردی کردەوە.
مینا ئاکۆ، ئەو قوتابییەی پۆڵی دووی بنەڕەتی قوتابخانەی شەمە لە گوندی سەراوی سوبحان ئاغایە، بەیانی زووی ئەمڕۆ بەخۆی و مەنجەڵە یاپراخەکەیەوە ملی رێگای گرت بۆ قوتابخانە.
کیژۆڵە زرنگەکە، بێ ئاگا لەوەی بەهۆی بارانەکەی شەوی رابردوو وەزارەتی پەروەردە دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی کردووە بە پشوو،کاتێک دەزانێت دەوام نییە بە باوکی دەڵێت پەیوەندی بە مامۆستا شاخەوان مام والی، مامۆستای وانەی بیرکاری بکات، کە ئەو لەسەر کاری دووەمی بووە لەنێو بازاڕی سەیدسادق، لەگەڵ باوکی مەنجەڵە یاپراخەکەیان بۆ بردووە.
مینا ئاکۆ، لە وانەی بیرکاری لە تاقیکردنەوەکاندا 80 نمرەی هەیە، بە قسەی مامۆستاکەی یەکێکە لە قوتابییە زیرەکەکانی پۆڵ، ئەمەش وایکردووە مامۆستاکەی خۆش بوێت.
مامۆستا شاخەوان بە 964ی وت “مینا پلانی وابووە لە قوتابخانە پێکەوە یاپراخەکە بخۆین و وێنە بگرین، بەڵام بەهۆی پشووەوە نەگونجا ئەوە بکەین”.
مامۆستا شاخەوان، زۆر دڵخۆش بووە کە مینا رووی لە دوکانەکەی کردووە و لە بەڵێنەکەی پەشیمان نەبووەتەوە، ئەو دەڵێت: بەم کارەی ئەمڕۆی زۆر دڵخۆشی کردم، ھەروەک داوای لێبوردنیشم لێکرد کە نەمانتوانیوە دەوام بکەین، بەھۆی دۆخی کەشوھەواوە”.
لەبارەی مەنجەڵە یاپراخەکەوە، مامۆستا شاخەوان دەڵێ، مەنجەڵەکەی مینا پڕ گۆشت بووە، زۆر خەڵک پەیوەندییان کردووە و داوایان کردووە لە یاپراخەکە بەشیان بەم.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق