دایە حاجییەكی سلێمانی یادەوەرییەكان دەگێڕێتەوە

“ئەمشەو شەوی بەراتێ خوا دوو كوڕ و كچێكتان بداتێ”

964+

ئەحمەد محەمەد

بە سەبەتەیەك نوقڵ و شیرینی و یاریی منداڵانەوە لە بەر دەرگای ماڵەكەیان و خۆی و كچەكانی وەستاون و شەوی بەرات لە منداڵان و میوانان پیرۆز دەكات، ئەوە دایە مەعسومەیە لە سلێمانی و دەڵێت: جاران بەرات خۆشتر بوو.

ئەمشەو سلێمانی جەژنی بەراتی گێڕا و هاوڵاتیان و منداڵان بە تایبەتی، خەریكی شیرینی و یاری و سەردانی ماڵە خزم و دراوسێ بوون.

مەعسومە ئەحمەد دایە حاجییەكی تەمەن 76 ساڵانە، بەڵام هێشتا شوكر هێز و تاقەتی باشە و بە دڵێكی خۆشەوە بۆ 964 باسی لە یادەوەرییەكانی خۆی لە شەوانی بەرات كرد.

ئەو وتی، “جاران لەگەڵ دراوسێیەكان تا درەنگ بە دەم چای و شیرینی خواردنەوە دادەنیشتین و قسەی خۆشمان دەكرد، بەڵام بە ناشكوری نەبێ كوا دراوسێیەتی ئێستا وەك جاران ماوە”

ئەو دەیگوت بە منداڵییش لە دەرگای ماڵانی داوە و داوای نوقڵی بەراتیان كردووە، “پێشان لە دەرگای ماڵانمان دەدا و دەمانوت ئەمشەو شەوی بەراتێ، خوا دوو كوڕ و كچێتان بداتێ، دە دەركەون و بنێرن، بەشی مناڵان بنێرن، ئیتر ئەوەشی هیچی نەبوایە راویان دەناین”، دایە مەعسومە ئەم یادەوەرییە بە پێكەنینەوە بۆ 964 دەگێڕێتەوە.

هەروەها پەروین عەبدولعەزیز، كە كچی دایە مەعسومەیە، دەڵێت ئەمشەو حەوت جۆر شیرینی و نوقڵیان دابەش كردووە، دەشڵێت، جیاوازی ئێستا ئەوەیە، خەڵك بە خێزانی لە شەوی بەراتدا دەگەڕێن و سەردان دەكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا