سێ خانمە پەرستارن و لە کەرکوک پشتیوانیان بۆ رۆژئاوا دەربڕیوە

لەسەر نەخشاندنی ئاڵای کوردستان و کەزی لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

سێ خانمە پەرستار بەهۆی نەخشاندن و هەڵواسینی چەند وێنەیەکی ئاڵا و نەخشەی کوردستان و کەزی لەناو نەخۆشخانەی ئازادی، رووبەڕووی لێپێچینەوە بوونەوە.

چەند رۆژێک بەر لە ئێستا سێ خانمە پەرستاری کورد لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک وەک پاڵپشتی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان، قژی خۆیان کردووەتە کەزی و لەگەڵ ئەوەشدا چەند وێنەیەکی ئاڵا و نەخشەی کوردستانیان کێشاوەتەوە و لە چەند شوێنێکی نهۆمی پێنجەمی نەخۆشخانەکە هەڵیانواسیوە، گرتەڤیدیۆی ئەو کارەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و دەنگدانەوەی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە 964ـی وت، “بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک لەگەڵ بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی قسەی کردووە و پێی وتووە کە ئەو کارە لەئێستادا مایەی قبوڵکردن نییە”.

بەقسەی کەسێکی نزیک لەو سێ خانمە پەرستارە، ئەمڕۆ کارگێڕی نەخۆشخانەکە بەڵێننامەی بە هەر سێکیان پڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو کارە دووبارە نەکەنەوە، بەڵام رەتیکردەوە کە بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کرابن یان لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دروست کرابێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری