"ئامانجەکە چینە"

ئیتلاعات: ترەمپ بڕیاری شەڕی داوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

رۆژنامەی ئیتلاعاتی ئێرانی ئەمڕۆ شەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران داوە، بەڵام نایەوێت شەڕەکە پەرەبستێنێت و هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، کۆكردنەوەی هێز و سەربازی ئەمریكا بە شێوەیەكی زۆر لە نزیک ئێران، ئەم هێزانە دەخاتە مەودای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە، بەتایبەتی کە خاوەنی هەمان ئاستی پاراستنی بەرگری نین کە ئیسرائیل لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکانی پێشوودا بەدەستی هێنابوو.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، رەنگە هێرشەكە بە جوڵەی ئەمنی و لێدانی سەربازیی بەیەكەوە دەستپێبكات، کە پێدەچێت گەمارۆی دەریایی بەدوای خۆیدا بهێنێت و هێزی دەریایی ئێران بکاتە ئامانجە سەرەکییەکانی.

سەرچاوەكە هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر واشنتۆن نەتوانێت وەڵامدانەوەی ئێران وەک پلانی بۆ دانراوە، کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمە رەنگە ببێتە هۆی شەڕێكی بەرفراوان کە بە خێرایی گەشە بکات و تەواوی ناوچەكە بگرێتەوە.

ئیتلاعات لە کۆتاییدا نووسیویەتی: پەرەسەندنی ئەمریکا لە دژی ئێران و فراوانکردنی ئامادەیی سەربازیی لە ناوچەکەدا، بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر کە ئامانجی گەمارۆدانی چینە لە رووی ئابوورییەوە، کە لە دەریای کاریبیەوە تا کەنداوی فارس درێژدەبێتەوە.

ئەم راپۆرتەی رۆژنامەكە لە كاتێكدایە، شەوی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز زانیاریی ئەوەی بڵاوكردەوە، ئەمریكییەكان بە سەركردەی یەكێك لە وڵاتانی كەنداویان وتووە، سەرلەبەیانی یەكشەممە هێرش دەكەنە سەر ئێران.