مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات _ وێنە: SDF
مەزڵوم عەبدی:
“هیچ سوپایەک ناچێتە ناو گوند و شارە کوردییەکانەوە”
964+
شۆڕش قادری
مەزڵوم عەبدی دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی سوریا، هیچ سوپایەک ناچێتە ناو گوند و شارە کوردییەکانەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەنالی روناهی باسی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی سوریا کرد و وتی، “بەپێی رێککەوتنەکە خەڵکی ناوچەکە خۆیان پاراستنی ناوخۆیی ئەنجام دەدەن و ئەو هێزانەی حکومەتیش کە دێنە قامیشلۆ و حەسەکە، هێزێکی سنووردار دەبن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ سوپایەک ناچێتە ناو گوند و شارە کوردییەکانەوە و بەشێکی سەرەکی رێککەوتنەکەش، پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکانە.
“ئەو دامەزراوانەی کە گەلەکەمان لە شۆڕشدا بەدەستیان هێناون، دەستکاری ناکرێن و ناگۆڕدرێن، هێزەکانی هەسەدەش لە جزیرە و کۆبانێ لەسەر شێوازی لیوا دەمێننەوە”، مەزڵوم عەبدی وای وت.
باسی لەوەشکرد، ئەو رێککەوتنەی لەسەر پرسی کورد کراوە، بۆ عەفرین و سەرێکانیش کاری پێ دەکرێت، هاوکات دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر وەک خۆیان دەمێننەوە.
مەزڵوم عەبدی وتیشی، من لەنێو گەلی خۆمدا دەمێنمەوە و کار بۆ یەکێتیی گەلی کورد دەکەم، هەڵوێستی گەلی کورد جێگەی شانازییە”.