"مەترسیدارە نەک چارەسەر"

لە هەرێمی کوردستان هۆشداری لەبارەی تێکەڵکردن و بەکارهێنانی ئەم دوو جۆرە دەرزییە دەدرێت

964+

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە هۆشدارییەک لەبارەی تێکەڵکردن و بەکارهێنانی دوو جۆرە دەرزی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت بەکارهێنانی “مەترسیدارە نەک چارەسەر”.

ئاماژە بەوەکراوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، دیاردەیەکی مەترسیدار لەناو خەڵکدا باوە ئەویش تێکەڵکردنی هەردوو دەرزی دیکلۆفیناک (Voltaren) و دیکسامیسازۆن (Decadron) و لێدانیانە لە یەک کاتدا، زۆرجار بە “دەرزییە تێکەڵەکە” ناودەبرێت.

دلاوەر حەمەد، پزیشکی دەرمانسازی پسپۆر و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری دەرمانزانی کلینیکی، ئەم هۆشدارییەی لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە بڵاوکردووەتەوە و مەترسییەکانی تێکەڵکردنی ئەم دوو جۆر دەرزییە و بەکارهێنانی ئاشکرا دەکات:

شاردنەوەی نیشانەکان: ئەم تێکەڵەیە تەنیا ئازار دەشکێنێت و پلەی گەرمی دادەبەزێنێت، بەڵام ڤایرۆسەکە لەناو نابات، ئەمەش وادەکات هەست بە چاکبوونەوە بکەیتم لەکاتێکدا جەستەت هێشتا نەخۆشە.

– لاوازکردنی بەرگری جەستە: دەرزی “دیکسامیسازۆن” جۆرێکە لە ستیرۆید (کۆرتیزۆن)، کۆرتیزۆن کۆئەندامی بەرگری جەستە سست دەکات، لە کاتی پەتادا جەستەت پێویستی بە بەرگری بەهێزە بۆ شەڕی ڤایرۆسەکە، بەڵام ئەم دەرزییە رێگری لە بەرگری جەستە دەکات کارەکەی خۆی بکات.

– مەترسی بۆ گەدە و گورچیلە: تێکەڵکردنی ئەم دوو دەرمانە بەیەکەوە ئەگەری برینداربوونی گەدە (قرحە) و خوێنەربوونی ناوەکی زۆر زیاد دەکات، هەروەها فشارێکی زۆر دەخاتە سەر گورچیلەکان.

– بەرزکردنەوەی شەکرە و فشار: ئەم تێکەڵەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی فشاری خوێن و ڕێژەی شەکرە، کە ئەمەش بۆ تووشبووانی شەکرە و پەستانی خوێن زۆر کوشندەیە.

ئەم پزیشکە رێنمایی هاوڵاتیان دەکات، کە ئەنفلۆوەنزا و پەتا ڤایرۆسن،  دژەبەکتریا (Antibiotics) و ئەم تێکەڵانە چارەسەری ناکەن، باشترین چارەسەر خواردنەوەی شلەمەنی گەرم، پشوودان و بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵە بۆ دابەزاندنی تا.

بەپێویستی دەزانێت هاوڵاتی راوێژ بکات و هیچ کاتێک بەبێ پرسی پزیشک یان دەرمانساز دەرزی تێکەڵ بەکارنەهێنێت.

بەشەخۆراکی پزیشكان و دەرمانسازان و خاوەن كۆمپانیاكان ...

بەشەخۆراکی پزیشكان و دەرمانسازان و خاوەن كۆمپانیاكان دەبڕدرێت

زۆرى نەماوە؛ عێراق لە رووى دەرمان و پێداویستى پزیشکى د...

زۆرى نەماوە؛ عێراق لە رووى دەرمان و پێداویستى پزیشکى دەچێتە قۆناغى خۆبژێوى