"لەم رۆژانەدا زۆرترین فرمێسکی سەرکەوتنم رشتووە"
کەلار هاوکاری دەگەیەنێتە رۆژئاوای کوردستان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
گەنجێکی کەلارییە، هاوکاری بۆ خوشک و براکانی لە کەلار هێناوە، پەیامێکی پڕ لە سۆز و ئومێدی هەیە پێیوایە لەم ساتە هەستیارەدا تەنیا یەکڕیزی و پاڵپشتیی یەکتر دەتوانێت کورد لە قەیرانەکان رزگار بکات.
مەسعود محەمەد ئەو گەنجەیە بۆ 964 باسی لە بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان و ئەرکی گەنجان کرد لەم کاتەدا و وتی، “بارودۆخەکە سەختە، گرنگە لەم کاتەدا هەموومان پاڵپشت و هاوکاری یەکتر بین.”
ئەو گەنجە پێی وایە گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری لەم قۆناغەدا نەک تەنیا ئەرکێکی مرۆییە، بەڵکو نیشانەی زیندووێتیی هەستی نەتەوەییە لەنێوان پارچەکانی کوردستاندا.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەسعود نەیشاردەوە کە ئەو گۆڕانکاری و دیمەنانەی بینیویەتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەروونی دروست کردووە و وتی، “لەم رۆژانە زۆرترین فرمێسکم رشتووە، فرمێسکی سەرکەوتن و خۆشی، لەم کاتەدا ئەوەی براوەیە کوردە.” بە وتەی ئەو، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، ئێستا کاتی ئەوەیە کورد وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو لە گۆڕەپانەکەدا دەربکەوێت.
کۆچەر زەنگەنە، مامۆستایەکی گەرمیان لەگەڵ ماڵەوەیان هاتووەتە کرمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، “ئەو خواردنەی لە ماڵەوە دەیخۆین، ھاتوین تیکەی خۆمان لەگەڵ براکانمان لە رۆژئاوا بەشکردووە”.
داواش لە تەواوی هاوڵاتیانی گەرمیان دەکات بەشداری کەمپینەکە بکەن بۆ هاوکاری و کۆمەککردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن