مامۆستا ئامەد و كچەكانی لە كەمپەینی كەركوک بەشدارن
“نەخۆشی شێرپەنجەم هەیە و كەزی بۆ كچانی رۆژئاوا دەكەم”
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
ئەمڕۆ شەممە كەمپیەینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ كوردانی رۆژئاوا لە كەركوک بەردەوامە، مامۆستا ئامەد و تیمی چەپكەگوڵ بەشداریی كەمپیەینەكەیان كرد و چەند بەرهەمێكیان پێشكەش كرد.
مامۆستا ئامەد محەمەد بە 964ی وت، لەگەڵ تیپەكەی حەزیان كرد بەشداریی كەمپەینی هاوكاری بۆ كوردانی رۆژئاوا بكات.
مامۆستا ئامەد و تیپەكەی لە ماوەی رابردوو لە كەركوك لە رۆژی ئاڵا و دواتریش بوونە ترێند و جێی باسی خەڵك، دوای ئەوەی گۆرانییەكی كوردانە و نمایشیان پێشكەش كرد و دواتریش لە لایەن وەزیری پەروەردەی كوردستانەوە خەڵاتكران.
مامۆستاكە دەڵێت، یەكێك لە قوتابییەكانم شێرپەنجەشی هەیە، بەڵام هاتووە و كەزی دەهۆنێتەوە و ئەویش پشتگیریی خۆی دەردەبڕێت.
داواشی كرد هەموو خەڵكی كەركوک بەشداریی كەمپەینەكە بكەن و هەركەسەو بەپێی توانای خۆی.
سانا فەرهاد، كچە قوتابییەكی بچكۆڵەیە، كە تووشی شێرپەنجە بووە، ئەو بە 964ی وت، تازە قژم هاتووەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ هاتم كەزی بهۆنمەوە بۆ كچانی رۆژئاوای كوردستان.
سانا دەڵێت، ئێستا تەندروستیم باشە، سوپاس بۆ خوا.
بەپێی زانیارییەکانی 964 كەمپەینەكەی كەركوک ئەمشەو كۆتایی دێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا