کۆیە
دایک و باوکى شەهیدێکى کۆبانێ: یەکبگرن واز لە کورسى و مورسى بهێنن
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
لە کاتێکدا کۆبانێ جارێکی تر رووبەڕووی گەمارۆ و هێرش دەبێتەوە، لە قەزای کۆیە یادەوەریی گەنجێک دەژێتەوە کە 11 ساڵ لەمەوبەر، خوێنی خۆی بۆ پاراستنی ئەو شارە بەخشی. “گەنجۆ گەرمیانی” کە لە تەمەنی 18 ساڵیدا شەهید بوو، ئێستا بووەتە سیمبولی ئەو پەیوەندییە خوێناوییەی لە نێوان باشوور و رۆژئاوادا هەیە.
ئەحمەد محەمەد عەباس، ناسراو بە “گەنجۆ گەرمیانی”، لە دایکێکی گەرمیانی و باوکێکی کۆیی لە ساڵی 1997 لەدایکبووە. لە ساڵی 2015دا، کاتێک تەنیا 18 بەهاری تەمەنی بینیبوو، پشتی لە ژیانی ئاسایی خۆی لە کۆیە کرد و بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ رووی لە رۆژئاوا کرد. لە گوندێکی نزیک ئەو شارە شەهید بوو و وەک “بچوکترین شەهیدی باشوور لە رۆژئاوا” ناوی چووە مێژووەوە.
پەیامنێرى 964 ماڵى ئەو شەهیدەى بەسەرکردەوە و دایک و باوکى شەهید گەنجۆ بۆ 964 قسەیان کرد، ئەوان وێراى جەختکردنەوە لە درێژەدان بە خەبات و خەونى کوڕەکەیان، داواى یەکبوون و پێکەوەى لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەن.
باوکى شەهید گەنجۆ پەیامێکى ئاراستەى لایەنە سیاسییەکان کرد کە واز لە “کورسى و مورسى” بهێنن و پێکەوە بەرامبەر دوژمنانى کورد بوەستن، دایکى شەهید گەنجۆش پێى وایە، دوژمنان هەر لایەک بن، جیاوازى ناکەن لە نێوان کوردان، بۆیە وەک دەڵێت،”با لەسەر رێبازى شەهیدانمان بەردەوام بین”.
پیداچوونەوە: وریا فەتاح