خوێندكارانی زانكۆی كوردستان خۆپێشاندان دەكەن
“ئێمە هەزاران كەزی دەهۆنینەوە”
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە درێژەی كاردانەوە و پاڵپشتییەكان بۆ بارودۆخی دوژمنكارانەی سوپای سوریای عەرەبی و گرووپە چەكدارییە تیرۆریستییەكان، ئەمڕۆ خوێندكارانی زانكۆی كوردستان لە هەولێر خۆپێشاندانیان كرد.
ئەوان بە ئاڵای كوردستانەوە بە شەقامەكاندا دەڕۆن و بەرەو پاركی شاندەر دەچن، بۆ ئەوەی لەوێ گردبوونەوە بكەن و زیاتر دەنگی ناڕەزایی بەرزبكەنەوە.
رۆژین غەریب خوێندكاری زانكۆی كوردستان و لە پێشەوەی خۆپێشاندانەكەیە، بە 964ی وت، ئەگەر دوژمنان كەزی كچی كوردی رۆژئاوایان بڕیوە، ئێمە خوێندكارە كچەكانی زانكۆ هەزاران كەزی دەهۆنینەوە و وەڵامی دوژمنان دەدەینەوە.
ئەمڕۆ لە زانكۆی سلێمانییش بە هەمان شێوە گردبوونەوە و خۆپێشاندان كرا، بۆ پشتگیری لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان، كە كەوتوونەتە بەرگری لە خاك و ماڵ و حاڵیان بەرامبەر هێرشەكانی حكومەتەكەی ئەحمەد ئەلشەرع.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا