خوێندكارێكی زانكۆ:

“دەمێكە كوردم نەبینیوە وا یەكگرتوو بێت”

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

ئەمڕۆ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، بە هەڵكردنی ئاڵایەكی گەورەی كوردستان لە زانكۆی سلێمانی، پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان دووپاتكردەوە.

خوێندكاران و مامۆستایان بەیەكەوە بەشداریی گردبوونەوەكەیان كرد و یەكێك لە خوێندكارەكان بە 964ی وتی، “دەمێكە كوردم وا نەبینیوە یەكگرتوو بێت، بۆیە ئەمە زۆر دڵخۆشیی كردووم”.

خوێندكارێكی دیكەش دەڵێت، “هەرچی لە تواناماندابێت بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان دەیكەین و ئامادەین”.

چەند رۆژێكە گردبوونەوە و خۆپێشاندانی گەورە كوردستان و ئەوروپای گرتووەتەوە و هەمووان دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر هێرشی سوپای سوریای عەرەبی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەردەبڕن و كاردانەوەكانیش جۆراوجۆرن، بەشێكی كوردانی باشووریش خۆیان گەیاندووەتە رۆژئاوا بۆ بەرگریكردن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا