دیمەنی کۆبوونەوەکە
سودانی فەرمانی کرد
عێراق بۆ سوریا؛ رێگری بکەن لە هەڵاتنی زیندانییەکان
964+
ئەحمەد مستەفا
محەمەد شیاع سودانی فەرمانی کرد، بە توندی مامەڵ بکرێت لەگەڵ هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش لەسەر سنووری هاوبەش لەگەڵ سوریا، وە بە بەردەوامی سنورەکە چاودێری بکرێت و پشتیوانی تەواو پێشکەش بەو هێزانە بکرێ لەسەر سنووری نێودەوڵەتی جێگیرن.
ئەمە قسەی سەباح نوعمان، وتەبێژی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە دوای کۆبوونەوەیەکی ئەمنی، وە دەڵێ داوا کراوە، سوریا رێگری بکات لە هەڵاتنی زیندانییەکان.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنی کرد، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە، هەروەها کۆبوونەوەکە سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی تێدابوو، وە سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە.
لەو کۆبوونەوە کە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، سەباح نوعمان دەڵی، محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەکردووە، گرووپە تیرۆریستییەکان توانای ئەنجامدانی هیچ و هەوڵ و هێرشێکیان نییە، چ لەسەر سنوورەکان بێت یان لە ناو شارەکان، دوای ئەوەی لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانمان گورزی قورسیان بەرکەوت.
وەک نوعمان باسی کردووە، سودانی جەختی لەوە کردەوە کە سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی لەگەڵ سوریای دراوسێ بە تەواوی پارێزراوە لەگەڵ توانای بەرزی هێزەکانمان بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردن بۆ ناو خاکی عێراق.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەد باس لە گرنگی سەقامگیری لە سوریا کرا و پێویستە کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی کار بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە و راگرتنی هەموو جۆرەکانی شەڕ و توندوتیژی لە ناوخۆی خاکی سوریا، وە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سوریا کار بکەن بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵکردنی زیندانەکان و رێگری کردن لە هەڵهاتنی باندە تیرۆریستی و تاوانکارییەکان.