بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار
دوای چۆڵكردنی عەین ئەسەد
عێراق دەیەوێت تا كۆتایی ساڵ ئەمریكا لە هەولێریش نەمێنێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بەرگریی عێراق دووپاتی کردەوە توانا ئەمنییەکانی عێراق رۆڵی هەبوو لە کۆتاییهێنان بە ئەركی راوێژکارانی سەربازی لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، هاوکات ئاماژە بەوە دەكەن، “كاری گەورە” دەكەن بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ راوێژكارانی سەربازی ئەمریكا لە هەولێریش نەمێنن، كە مەبەست هێزەكانی ئەمریكایە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رێنمایی مەعنەوی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لیوا تەحسین ئەلخەفاجی لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە 20.1.2026 دەڵێت “ئەو گفتوگۆ و کارە بەرفراوانانەی کە لەلایەن لیژنەی باڵای سەربازی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ ئەنجامدراون، بووە هۆی چۆڵکردنی ئەو راوێژکارانەی کە ماونەتەوە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد”. وتیشی “جگە لە بنکەی ئاسمانی هەولێر لە هیچ بنکەیەکی سەربازی عێراقدا هیچ راوێژکارێک نییە، هەوڵی بەرچاویش لە ئارادایە بۆ تەواوکردنی کشانەوەیان لە هەولێر تا کۆتایی ئەمساڵ”.
تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەش کرد، “کاتێک دەستمان بە دانوستانەکان کرد، زۆر پشتمان بە توانا ئەمنییەکانمان و ئەو دەستکەوتە ئەمنییە بەرچاوانە بەست کە لە ساڵانی رابردوودا بەدەستمان هێنا، لەوانە سەرکەوتن بەسەر چەتەکانی تیرۆریستی داعش و ئاسایشی سنوورەکان و بەڕێوەبردنی بابەتە ئەمنییە جیاوازەکان، وەک کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و زیارەتی ملیۆنیی شوێنە ئاینییەكان”.
خەفاجی دەڵێت، “عێراق بەشێکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە ناوی هەموو جیهانەوە شەڕی کرد، شەهیدانی کردە قوربانی و رزگارکردنی ئەو زەویانەی کە لەلایەن باندە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانەوە ئیستغلال و پێشێلکراون، تیرۆری داعش دیاردەیەکی ناوخۆیی نییە، بۆیە بە شێوەیەكی سروشتی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بواری هاوکاری لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوامە”.
یەکشەممەی رابردوو لیژنەی باڵای سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تەواوبوونی چۆڵکردنی سەرجەم بنکە سەربازییەکان و بارەگاکانی فەرماندەیی لە ناوچە فیدراڵییە فەرمییەکانی عێراق لە راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی شەڕی داعش لە عێراق راگەیاند.