ئەمشەو سلێمانی بۆ پشتگیریی رۆژئاوا هاتە سەر شەقام
با فشار بكەین ئەو موئامەرەیە رابگرین”
964+
دیلان محەمەدجەزا
سەرەڕای بارینی باران و بەفر، بەم شەوە درەنگە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان و چالاكوانان لە سلێمانی هاتنە سەرشەقام و داوا دەكەن پاڵپشتی لە كوردانی رۆژئاوا بكرێ و رێگە نەدرێت هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا هێرشیان بكەنەسەر.
هاوڵاتیان لە تەمەن و ئاستی جیاجیا بەشداریی خۆپێشاندانەكەیان كردووە، هونەرمەندی ناودار شوان عەتوف لە پێشەوەی خۆپێشاندەرانە و هوتاف دەكێشێت.
ئەو بە 964ی وت، “با فشار بكەین ئەو موئامەرەیە رابگرین دژی كوردانی رۆژئاوا، با هەموو كوردێك لە هەر شوێنێك لە كوردستان و لە تاراوگە بێنە سەرشەقام و دەنگیان بەرزبكەنەوە”.
دوو رۆژە سلێمانی خۆپێشاندان و گردبوونەوە دژی هێرشكردنە سەر كوردانی رۆژئاوا و ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان ساز دەكات و ئەمڕۆ ئەمە دووەمە جارە گردبوونەوە و خۆپێشاندان بكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا