ئامۆژگاری هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کردووە
موقتەدا سەدر هۆشداری دەدات و داوای تووندکردنی خێرای سنووری سوریا دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
سەرۆکی رەوتی سەدر هۆشدارییەکی مەترسیداری لەبارەی رووداوەکانی ناو وڵاتی سوریا بڵاوکردووەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە سنوورەکان تۆکمەتر بکرێن و هێزی زیاتری بۆ رەوانە بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە بارەی پەرەسەندنەکانی سووریا و بەتایبەتیش نزیک لە سنووری عێراق، داوای کرد کە ئەم بابەتە بەشتێکی ئاسایی وەرنەگیرێت، بەڵکو بەوپەڕی جددییەوە وەربگیرێت.
ناوبراو دەڵێت “مەترسییەکە نزیکە و تیرۆر لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە پشتگیری دەکرێت”.
جەختیشی لە پاراستنی دەستبەجێی سنوور و دەروازەکان کردووەتەوە و داواشی کردووە دەستبەجێ هێزی بەهێزکەر بۆ سنوورەکان بنێردرێت.
ئامۆژگاری هێزە سیاسییەکانيشی لە هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕاستەوخۆ دەستوەردان نەکەن، چونکە ئەمە بیانوویەک دەداتە تیرۆر بۆ پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکانمان.
ئەم هۆشدارییەی موقتەدا سەدر، نزیکەی کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا، واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاگربەستی هەمەلایەنەی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵبوونی تەواویان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا راگەیاند.
هەر بەپێی رێکەوتنەکە رادەستکردنی بیرە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان و پارێزگاکانی ڕەقە و دێرەزور بە دیمەشق لە رووی ئیداری و سەربازییەوە، جگە لەوەش داننانی بە مافە رۆشنبیری و زمانەوانییەکانی کورد داناو شەڕڤانانی هەسەدەشی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا تێکەڵ کرد.