نەفیر عام چییە؟

رۆژئاوا بۆچى بانگەوازى نەفیر عام دەکات؟

964+
وریا فەتاح

ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژھەڵاتی سووریا، راگەیەندراوێکی بەپەلەی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەوازی “نەفیرعامی گشتی” بۆ سەرجەم هاووڵاتیان راگەیاند.

نەفیر عام چییە؟
بەرزترین ئاستی ئامادەباشی و فریاگوزارییە کە دەوڵەتێک، حکومەتێک، یان قەوارەیەکی سیاسی و سەربازی رایبگەیەنێت، بەشێوەیەک کاتێک ئەم بڕیارە دەدرێت، ژیانی ئاسایی کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ “دۆخی جەنگ” و هەموو ئەفسەر و سەربازەکان (تەنانەت ئەوانەی لە مۆڵەتیشدان) دەبێت دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
جگە لەوە، دەرگا دەکرێتەوە بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی کە مەشقی خێرا بکەن و چەک هەڵبگرن بۆ پاراستنی گەڕەک و شارەکانیان.

نەفیرعام تەنیا چەک هەڵگرتنە؟

نەفیر عام تەنها چەک هەڵگرتن نییە، بەڵکو دەستبەسەرداگرتنی هەموو سەرچاوەکانە:
کەرتی تەندروستی: نەخۆشخانەکان دەخرێنە باری نائاسایی و زیاتر بۆ چارەسەری بریندارانی شەڕ تەرخان دەکرێن.
گواستنەوە: هەندێک جار ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان، بارهەڵگرەکان و کەرەستەکانی گواستنەوەی مەدەنی بۆ کاری سەربازی و گواستنەوەی پێداویستی بۆ بەرەکانی شەڕ بەکاردێن.
خۆراک و سووتەمەنی: کۆگا ستراتیژییەکانی دەوڵەت دەکرێنەوە و دابەشکردنیان بەپێی پێویستیی کاتی جەنگ دەبێت.

ئەرکى هاوڵاتیان لەم دۆخەدا چییە؟
نەفیر عام داوا لە خەڵک دەکات کە بەرگرى رەوا بکەن، واتا هەر کەسێک لە شوێنی خۆی بەرپرسیارە لە پاراستنی ماڵ و گەڕەکی خۆی لە فیتنە یان هێرش، ئەوانەشی چەک هەڵناگرن، دەبێت هاوکاری هێزەکان بن لە گەیاندنی زانیاری، یارمەتی پزیشکی، یان دابینکردنی خواردن.

کەی ڕادەگەیەنرێت؟
ئەم بڕیارە تەنها لەم کاتانەدا دەدرێت:
کاتێک هێزی سوپا بەتەنها بەس نەبێت بۆ راگرتنی هێرشەکە.
کاتێک مەترسی لەسەر خاک، ناسنامە و مانەوەی نەتەوەیەک هەبێت.
کاتێک گەل بڕیار دەدات بە یەکدەستی دژی داگیرکاری یان زوڵم راپەڕێت.

هەسەدە: 100 هەزار چەکدار و پاشماوەی داعش هێرش دەکەنە سەر ...

هەسەدە: 100 هەزار چەکدار و پاشماوەی داعش هێرش دەکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان