سوپای سوریای عەرەبی گەیشتنە دێر حافر
كشانەوە لە رۆژهەڵاتی فورات
سوریا پێشوازی لە بڕیارەكەی هەسەدە دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بەرگریی سوریا پێشوازی لە بڕیارەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد بۆ کشانەوەی لە هێڵەکانی بەریەكکەوتن لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب.
وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات بۆ کشانەوە لە رۆژهەڵاتی حەلەب، كە دەكاتە رۆژئاوای رووباری فورات.
جەختیش لەوە دەكەنەوە، “لە نزیکەوە چاودێری تەواوکردنی ئەم کشانەوەیە دەکەن بە هەموو کەرەستە و کارمەندەکانەوە، بەرەو رۆژهەڵاتی رووباری فورات، هاوتەریب لەگەڵ جێگیرکردنی یەکەکانی سوپای عەرەبی سوریا لەو ناوچانە بۆ دڵنیابوون”.
وەزارەتی بەرگریی سوریا پێی وایە، ئەم بڕیاری كشانەوەیەی هەسەدە، رێگە خۆش دەكات بۆ گەڕانەوەی خێرای دانیشتووان بۆ ماڵ و گوندەکانیان بە سەلامەتی.
هاوكات ئەم بەیانییە میدیای سوریا و میدیا عەرەبیەكان ڤیدیۆی سوپای سوریای عەرەبییان بڵاوكردەوە، كە بە كەلوپەل و چەكی قورسەوە گەیشتنە دێر حافر و ئەو شوێنانەی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لێی كشانەوە.