"وتارخوێنەکە دەستگیر کراوە"

لە کەلاریش کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان وتارخوێنی مزگەوتێک و نوێژخوێنان دروستبوو

964+

شۆڕش قادری

نوێکرایەوە؛ 19:08

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر وتارخوێنی مزگەوتی دایک لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستبەسەر کراوە”.

هەواڵی سەرەتا؛

ئەمڕۆ هەینی لە کەلاریش کێشە و ئاڵۆزی لەنێوان وتارخوێنی مزگەوتێک و نوێژخوێنان دروستبوو و ئەوقافی گەرمیانیش دەڵێت، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە و بەپێی یاسا و رێنماییەکان مامەڵە دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “ئەمڕۆ ھەینی لەکاتی وتاری ھەینی لە مزگەوتی (دایک) قەزای کەلار، بەھۆی ھەندێ بابەتی لابەلای دەرەوەی وتار، گفتوگۆیەک لەنێوان مامۆستای وتارخوێن و نوێژخوێنانی مزگەوتەکە دروست بووە و بووەتە ھۆی نیگەرانی بەشێکی نوێژخوێنان، ئێمە لەبەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیانەوە ئەم سێ خاڵە بۆڕای گشتی دەخەینەڕوو”؛

 یەکەم – “بەپێی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئاینی، ھیچ مامۆستایەکی بەڕێزی وتارخوێن نابێت (ڕاستەوخۆ یان نا راستەوخۆ )ھێرش بکاتە سەر ھیچ کەس و لایەنێک لە کاتی وتار و لەنێو حەرەمی مزگەوتدا.

دووەم – “تێکدانی کەشی وتارو بەشێکی نوێژ خوێنان لەناو وتار بەم شێوازەی لەبڵاوکراوەکاندا تۆمارکراوە، ئارامی مزگەوتەکان تێکدەدات، کە ھیچ کەسێک ئاواتی بۆ ناخوازێت.

سێیەم – “بریارماندا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند تاوەکو بگەینە دروستی بابەتەکەو لەکۆتایدا بەپێی یاساو ڕێنماییەکان مامەڵە دەکەین.

سەبارەت بەو بابەتە سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کەلار بە 964ـی وت، “تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر نەکراوە.

هەر ئەمڕۆ هەینی 16.1.2026 لە نوێژى هەینى مزگەوتى بەختەوەرى لە گەڕەکى راپەڕینى سلێمانى، گرژى و ئاڵۆزى لە نێوان وتارخوێنى مزگەوتەکە و بەشێک لە نوێژخوێنان دروستبووە و دواتر وتارخوێنی مزگەوتەکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەر کرا.

بەڕێوەبەرى ئەوقاف سلێمانى بۆ 964: لێکۆڵینەوە لە وتارخوێ...

بەڕێوەبەرى ئەوقاف سلێمانى بۆ 964: لێکۆڵینەوە لە وتارخوێنەکەى مزگەوتى بەختەوەرى دەکەین