"تا هەڵوەشاندنەوەى خۆبەخشییەکەى"

بەڕێوەبەرى ئەوقاف سلێمانى بۆ 964: لێکۆڵینەوە لە وتارخوێنەکەى مزگەوتى بەختەوەرى دەکەین

964+

دیلان محەمەد

ئەوقافى سلێمانى لێکۆڵینەوەدەکات لەو گرژى و ئاڵۆزییەى لە مزگەوتى بەختەوەرى لە نێوان پێشنوێژى مزگەوتەکە و نوێژخوێنان دروستبوو.

عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتى،”ئەو مامۆستایەی وتاری خوێندووەتەوە فەرمانبەری حکومەت نییە، بەڵکو وەک “خۆبەخش” کار دەکات و پیشەی سەرەکی ئەندازیاری شارەوانییە”.
وتیشى: “بەو پێیەی مۆڵەتی مەلایەتی هەبووە و رۆڵی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکە، لەسەر داوای خۆی وەک وتارخوێن دامانناوە و تا ئێستا هیچ گرفتێکی نەبووە.”

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەوقاف بەرامبەر ئەو پشێوییەی دروست بووە، عەباس خدر جەختی کردەوە کە “پێمان ناخۆشە رووداوێکی لەو شێوەیە لە ماڵی خودا روویداوە”. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەن لە نێوەڕۆکی قسەکانی و چەند رێکارێکی یاسایی لەبەردەمدایە، لەوانە:
• بانگکردنی وتارخوێنەکە بۆ لێپێچینەوە.
• لادانی لە وتاردان.
• هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی خۆبەخشییەکەی.

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی وتارخوێنان کرد و وتی: “نابێت مامۆستای ئایینی ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و ئاڵۆزی، بەڵکو دەبێت رۆڵیان هەبێت لە پشتیوانیکردن لە نەتەوەی خۆیان و پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگە.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

وردەکارى ناڕەزایەتییەکەى مزگەوتى بەختەوەرى

وردەکارى ناڕەزایەتییەکەى مزگەوتى بەختەوەرى